خواردنگەیەک لە هەولێر بوو بە قەرەبروت
میدیازان – هێمن بەکر – هەولێر
بەیانی ئەمڕۆ ئاگر کەوتەوە لە لقێکی خواردنگەی تۆپ ئۆرگانیک لە هەولێر، تەواوی باڵەخانەکەی سوتا و تەختی زەوی بوو.
خواردنگەکە دەکەوێتە باخچەی هۆتێل کریستاڵ، لەسەر شەقامی ١٠٠ مەتری.
سەرکەوت کارەش، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە میدیازانی وت، ئاگرەکە لە کاتژمێر ٧:٥٠ی سەرلەبەیانی کەوتووەتەوە، لە چێشتخانەی خواردنگەکەوە.
ئەو خواردنگەیە نانی بەیانی پێشکەشی میوانەکانی دەکات و لەوکاتانەدا جمەی دێت.
وتەبێژەکەی بەرگری شارستانی رەتیکردەوە جگە لە زیانی مادیی، هیچ زیانێکی گیانی هەبووبێت.
لەبەرئەوەی نزیکن، مەترسی هەبووە لە تەشەنەسەندنی ئاگرەکە بۆ هۆتێل کریستاڵ، بەتایبەتی لەکاتێکدا بەشی پشتەوەی هۆتێلەکە سیستمی غازییە.
بەپێی زانیارییەکان، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بە زووی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی چێشتخانەکە زۆری لە دار دروستکراوە، بە تەواوەتی سوتاوە.