بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان

بکوژی چوار هاوڵاتییەکەی شارۆچکەی جندەرێسی ئاشکرا کرد

964+

فەهمی نەبی

ئێوارەی رۆژی 20ی ئادار، چوار کوردی دانیشتووی شارۆچکەی جندەرێس لە رۆژئاوای کوردستان، بەهۆی تەقەی دوو چەکداری ئەحرار شەرقیە گیانیان بەخشی، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە راگەیەنراوێکدا ناسنامەی ئەو بکوژەی ئاشکرا کرد و ئەوەش دەڵێن “هۆکاری رقبەری مەزهەبی بووە”.

شارۆچکەی جەندەرێس، سەر بە شاری عەفرینە لە باکوری پارێزگای حەلەب، رۆژی 6ی شوبات وەک چەقی بوومەلەرزەکەی سوریا دەستنیشانکرا و زۆرترین زیانی بەرکەوت.

بەپێی گێڕانەوەکانی خەڵکی ناوچەکە کە بۆ روانگەی سوری مافەکانی مرۆڤ قسەیانکردووە دەڵێن، “روداوەکە کاتێک رویداوە کە خێزانەکەی شارۆچکەی جندەرێس لە شوێنی خانووە روخاوەکەیان کە بەهۆی بوومەلەرزە روخابوو، خیوەتیان هەڵدابوو، ئەو ئێوارەیە ئاگری نەورۆزیان کردبۆوە، دوو چەکداری ئەحرار شەرقیە بەو ناوە تێپەڕ دەبن و تەقە لەو خێزانە دەکەن، لە ئەنجامدا سێ برا و کوڕی یەکێک لەو خێزانە گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەش بریندار دەبن”.

ئەو چوارکەسەی گیانیان بەخشیوە، هەریەکە لە فەرحەدین عوسمان، محەمەد عوسمان، نەزمی عوسمان و محەمەد فەرحەدین عوسمان بوون.

ئەمڕۆ 21.3.2023 بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە “ئەو چوار هاوڵاتییە لەکاتی گوزارشتکردن لە خۆشییەکانیان بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز لە جندرێسی داگیرکراوی دەستی ستەم و تاوانکاریی بەکرێگیراوانی بەناو سوپای نیشتمانی و گرووپی ئەحرار شەرقییەی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و لەسەر دەستی تاوانبار ئەبو حەبیبەوە شەهید کراون”.

ئەحرار شەرقیە، گروپێکی نزیک لە تورکیان و سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سوریان، لەساڵی 2016 لەگەڵ هاتنی هێزەکانی تۆرکیا بۆ شاری عەفرین دروستبوونی خۆیان راگەیاند.

سەرچاوەیەک زانیاری بە روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ داوە، دەڵێت: تەقەکەرەکان خەڵکی دێرەزورن، تا ئێستا دەستگیر نەکراون، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی زۆری خەڵکی ئەو ناوچەیە و ناکۆکی دەستەی تەحریری شام هەموو بارەگاکانی ئەحرار شەرقیە لەو شارە چۆڵکراون.

سەرچاوەکە بە روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤی وتوە، ئەو چەکدارانە پێشینەی تاوانی دیکەیان هەبووە، بەتایبەت لە روداوەکەی یاریگای قامیشلۆ لەساڵی 2004.