له‌ باڵه‌كایه‌تى داوا ده‌كرێت سمۆره‌ بپارێزرێت

964+

ئاسۆ وەرتی – باڵه‌كایه‌تى

هاوڵاتیانی گوندی گەزنەی دەڤەری باڵەکایەتی داوا دەکەن، گیاندارە کێویەکان بپارێزرێن بە تایبەتیش سمۆرە، چونکە ده‌ڵێن سودێکی زۆری بۆ ژینگە و پاراستنی هەیە.

گه‌زنه‌ییه‌كان، پڕۆژه‌یه‌كیان بۆ پاراستنى سمۆره‌ هه‌یه‌، داواكارن هیچ كه‌سێك راوى سمۆره‌ له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌یان نه‌كات و سزا بۆ راوچییه‌كانیش دابنرێت.

داواش ده‌كه‌ن له‌ بازاڕه‌كاندا مامەڵەی كڕین و فرۆشتنى پێوەنەکرێ، چونكه‌ ده‌ڵێن “مەترسی له ناوچونیان له سەرە”.

سمۆره گیاندارێکی بزێوە بەردەوام لەجوڵەدایە، گوێز و بەڕوو و دەشارێتەوەو ماوەیەکی بەسەردا تێپەڕێت، بیری دەچێتەوە لەكوێى شاردۆتەوه، پاش ماوەیەک ئه‌و ده‌نكانه‌ى شاردونیه‌تیه‌وه‌ له ‌شوێنی خۆیان شین دەبن.

هاوڵاتیانی گوندی گەزنە باس لەوەدەکەن، بە درێژایی ئه‌و رووباره‌ی به‌ گونده‌كه‌یاندا ده‌ڕوات، ده‌یان دارگوێزی لێیە، به‌ڵام ده‌ڵێن، هیچیان به‌دەستی مرۆڤ نه‌چێنراون، به‌ڵكو سمۆرە چاندوونی.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن