سیتی سکانەکەی نەخۆشخانەی شەهید هەژار

 سێ مانگە تۆزی لەسەر نیشتووە

964+

هونەر فارس – کەلار

سێ مانگە ئامێرێکی سیتی سکان لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار دانراوە کاری پێناکرێت، نەخۆشخانەکەش هۆکارەکەی بۆ نەبوونی کارمەندی پێویست گەڕاندەوە.

دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی کانونی یەکەمی ساڵی 2022, ئامێرێکی سیتی سکان هێندرایە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە شاری کەلار، بڕیار بوو پێش سەری ساڵ ئامێرەکە بکەوێتە کار، بەڵام تا ئێستا کاری پێ نەکراوە.

تۆڕی 964زانیوێتی، دواکەوتنی خستنەکاری ئامێرەکە بۆ دەنگۆی “چینی” بوونی ئامێرەکە دەگەڕێتەوە کە لەلایەن کۆمپانیای فلیکسی”هۆڵندی”ەوە، دروستکراوە و لێی نوسراوە made in chaina.

دوای ئەو دەنگۆیانەی لەسەر ئامێرەکە بڵاوبوونەوە لیژنەیەک بۆ پشکنینی ئامێرەکە پێکهێنرا و بەگوێرەی نوسراوێک کە دەست 964 کەوتووە، لیژنەکە دوای بەدوادچوون ئامێرەکەیان وەرگرتووە و ئاماژەیان بەوەکردووە کە ئامێرەکە لە وڵاتی هۆڵندا درووستکراوە.

هەر سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی خستنەکاری ئامێرەکە، تۆڕی 964 پەیوەندی بە ڕزگار لەتیف جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەوە کرد،ئەویش هۆکارەکەی بۆ نەبوونی کارمەندی پسپۆڕ گەڕاندەوە.

جەختیشی کردەوە، ئێستا سەرجەم کارەکانی تەواو بووە و دوای نەورۆز ئامێرەکە دەخەنە کار.

ئامێرەکە لە سەر بودجەی ساڵی 2021ی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گەرمیان دابینکراوە و کۆمپانیای فلێکسی هۆڵندی دروستیکردووە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

 سێ مانگە تۆزی لەسەر نیشتووە