وێنە: پەیجی قوتابخانەی شەپۆل
مامۆستایانی هەڵەبجە 10 ملیۆن دینارەکەیان گەڕاندەوە
964+
محەمەد عومەر – هەڵەبجە
لە موچەی مانگی شوباتدا، مامۆستایانی قوتابخانەیەکی هەڵەبجە 10 ملیۆن دیناریان زیاد وەرگرت، دوای پێداچوونەوە و دڵنیابوونەوە، پارەکەیان گەڕاندەوە بانک.
ئەمڕۆ شەممە 19.3.2023، بەپێی لیستی موچە نۆرەی وەزارەتی پەروەردە بوو، لیژنەی وەرگرتنی موچەی مامۆستایانی قوتابخانەی شوپۆڵی بنەڕەتی لە هەڵەبجە دەچن بۆ وەرگرتنی موچەی مامۆستایان لە بانکی هەڵەبجە.
بەهۆی ئەوەی موچەی مامۆستایانی قوتابخانەکە سەرووی 60 ملیۆن دینار بووە، لیژنەکە وەک هەموو جارێک پارەکە لە بانک ناژمێرنەوە و یەکسەر دوای وەرگرتنی دەگەڕێنەوە قوتابخانە و بەسەر مامۆستایان دابەشی دەکەن.
بە قسەی بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بێت، دوای ئەوەی موچەی سەرجەم مامۆستایان دابەش دەکەن و تەنیا سێ مامۆستاکەی لیژنەکە دەمێننەوە، دەبینن پارەیەکەی زۆر ماوەتەوە.
پارە زیادەکە 10 ملیۆن بووە، بەڕێوەبەری قوتابخانەکەش بۆ دڵنیابوون لەوەی هەموو مامۆستاکان موچەکانیان بە تەواوەتی وەرگرتووە، بانگی یەک بە یەکی مامۆستاکان دەکات و دووبارە موچەکەیان پێ دەژمێرێتەوە، دەردەکەوێت کە 10 ملیۆن دینارەکە لە بانک بە زیادەوە وەریانگرتووە.
سەباح حەمەدئەمین، بەڕێوەبەری قوتابخانەی شەپۆڵی بنەڕەتی بۆ 964 قسەی کردووە و دەڵێت: 10 ملیۆنەکەمان دەستبەجێ گەڕاندەوە بۆ بانکی هەڵەبجە.
دەشڵێت: ئامانجمان لە بڵاوکردنەوەی بابەتەکە لە سۆشیال میدیا بۆ خۆ هەڵکێشان نییە، بەڵکو نیشاندانی نمونەیەکی جوان و هاندانە بۆ کەسانی دیکەش.
لەسەر گەڕاندەنەوەی پارەکە، بەڕێوەبەری بانکی هەڵەبجە و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای هەڵەبجە، سوپاس و پێزانین بە مامۆستایانی قوتابخانەی شەپۆڵی بنەڕەتی هەڵەبجە درا.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق