پرده‌ ئاسنینه‌كانى سنوورى سۆران تووند ده‌كرێنه‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌هه‌ڵمه‌تێكدا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى چاككردنه‌وه‌ى رێگاوبان، سه‌رقاڵى تووندكردنه‌وه‌ى ته‌واوى ئه‌و پرده‌ ئاسنینانه‌یه‌ كه‌ له‌ سنوورى سۆران شل بوونه‌ته‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌رى چاككردنه‌وه‌ش ده‌ڵێت، ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌یان به‌رده‌وامییه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانى 964 ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران به‌هۆى هه‌ڵكه‌وته‌ جوگرافییه‌كه‌یه‌وه‌، زیاتر له‌هه‌موو ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆ و شاره‌كانى تر زۆرترین ژماره‌ى پردی لێیه‌ كه‌ ژماره‌یان ده‌گاته‌ 42 پرد.

خه‌سره‌و سادق به‌ڕێوه‌به‌رى چاككردنه‌وه‌ى رێگاوبانى سنوورى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران، به‌ 964ـى راگه‌یاند، وه‌ك پلانێكی به‌رده‌وام، تیمه‌كانیان كار له‌سه‌ر چاككردنه‌وه‌ى پرده‌كانى ئه‌و سنووره‌یان ده‌كه‌ن.

وتیشی “به‌هۆى ئه‌وه‌ى هاتوچۆیه‌كی زۆریان به‌سه‌ره‌وه‌یه،‌ به‌رده‌وام پرده‌ ئاسنینه‌كان شل ده‌بنه‌وه‌، یان هه‌یانه‌ رووبه‌ڕووى شكان و چه‌مانه‌وه‌ى پلێته‌كانى ده‌بێته‌وه‌”.

به‌قسه‌ى ناوبراو تیمه‌كانیان ئێستشا به‌رده‌وامن له‌ تووندكردنه‌وه‌و چاككردنه‌وه‌ى ئه‌و پردانه.

خه‌سره‌و سادق باس له‌وه‌ده‌كات، كه‌ پرد و قه‌نته‌ره‌ هه‌ن له‌و سنووره‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ دروستكردنى رێگاى هامڵتۆن دروستكراون،‌ كه‌ ته‌مه‌نیان زیاتر له‌ 70 ساڵه،‌ به‌تایبه‌تیش له‌ نزیك حاجی ئۆمه‌ران وتیشی “نوێترین پردیش كه‌ له‌و سنووره‌ دروستكرابێ پردی ئازادیه‌ له‌ساڵى 2019”.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ى كه‌ 964 له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى چاككردنى رێگاوبانى سۆران ده‌ستیكه‌وتووه‌، تا ئێستا ئه‌و پرده‌ ئاسنینانه‌ى له‌سنوورى ئیداره‌ى سۆران چاككراونه‌ته‌وه‌ بریتین له‌ پرده‌كانى حافز و بنكێلان و زه‌نا و قه‌لێتان و كاولۆكان و مێرگه‌سوور و باڵه‌كیان .