بەرگری شارستانی کەلار بۆ هاوڵاتیان؛

“لە رووباری سیروان مەلە مەکەن ئەگەر چووشن ئەم رێنماییانە لەبەرچاو بگرن”

فەرهاد حەسەن

بنکەی بەرگری شارستانی کەلار، ئاگاداری هاوڵاتیان دەکاتەوە کە مەلەکردن لە رووباری سیروان سەلامەت نییە بەڵام ئەگار هەر سسوریشن کە مەلەوانی لەو رووبارە بکەن چەند مەرج و رێنماییەکی بۆ داناون.

بەپێی راگەیەندراوێکی بنکەکە، نابێت هاوڵاتیان بە مەبەستی مەلەکردن بچنە سەر رووباری سیروان چونکە دەڵێت “بەهیچ شێوەیەک تەندروست و سەلامەت نییە هەروەها رێگەپێدراویش نییە”.

ئامۆژگارییان دەکات، ئەگەر حەزیان لە مەلەوانییە سەردانی مەلەوانگەکانی ناو شار بکەن چونکە مەرج و رێنماییەکانی سەلامەتی تێدا جێبەجێکراوە.

بنکەی بەرگری شارستانی کەلار دەشڵێت، بەڵام ئەگەر هاتوو هاوڵاتیان بەمەبەستی مەلەکردن چوون بۆ سەر رووباری سیروان، پێویستە رەچاوی ئەوە بکەن، کە لە کاتی مەلەکردن دا زۆر وریابن و دڵنیابن لە قووڵی ئاوەکە، بەهیچ شێوەیەکیش منداڵ بە تەنیا مەلە نەکات یاخود ئەو کەسانەی کە مەلەوانی نازانن.

پێویستە ئەوانەی نیازی مەلەکردنیان لەو رووبارە هەیە، هەندێک کەلوپەلی فریاگوزاریان پێبێت وەکو چوپ، هێلەگی رزگارکردن، یاخود حەبلی نەجات، ناشبێت لەکاتی مەلەکردندا هاوڵاتیان بە یاری کردن یەکتری نقوم بکەن لەناو ئاودا چونکە دەبێتەهۆی ماندوبوون و تەنگەنەفەسی.

هەر بەپێی ئەو رێنماییانەی بۆ هاوڵاتیان داندراوە، ئەگەر ئیەو کەسەی مەلە دەکات مەلەوانیش بێت پێویست ناکات بچێتە هەموو شوێنێکی رووبارەکە  کە شارەزا نیە و ناشبێت لەکاتی شەوانیدا مەلە بکەن و ئەو شوێنانەش کە هێمای ئاگادارکردنەوەی لێ دانراوە (تابلۆی قەدەغەکردنی مەلەکردن) لێی نزیک نەبنەوە چونکە مەترسیدارە.