یاریزانەکان هەڕەشە دەکەن

ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ پێكهاته‌ی تیپه‌كه‌ی داده‌نێت

964+

هۆگر عه‌دنان – چه‌مچه‌ماڵ

ماوەی هەفتەیەکە یانەی چەمچەماڵ بێ راهێنەرە و سەرۆک و جێگره‌كه‌ی ئەرکی راهێنەرایەتیی تیپی تۆپی پێی یانه‌كه‌یان گرتووه‌تە ئەستۆ.

دوای دۆڕانەکەیان بەرانبەر یانەی سۆران لە هەفتەی 21 خولی نایاب بە ئەنجامی 0-3 گۆڵ، دکتۆر سه‌ڵاحی راهێنەر و بەرزان حوسێنی یاریدەدەری، وازیان لە راهێنەرایەتیی یانەی چەمچەماڵ هێنا.

حەسەن سوور، جێگری سەرۆکی یانەی چەمچەماڵ بە تۆڕی 964ی وت: “دوای دۆڕانەکەمان بە یانەی سۆران، راهێنەر و جێگرەکەی وازیان لە راهێنەرایەتی  تیپه‌كه‌مان هێنا، ئێستا من و سەرۆکی یانەکە ئەرکی راهێنەرایەتیی یانەکەمان گرتووه‌تە ئەستۆ و ئەمڕۆ رێبوار خدر سەرۆکی یانە جێگەی راهێنەر دەگرێتەوە و پێكهاته‌ی تیپه‌كه‌ بۆ یاری دادەنێت، هه‌روه‌ها ماوەی سێ رۆژە پێکەوە ئەرکی راهێنەرایەتیی یانەکەمان گرتووه‌ته ئەستۆ”.

جێگری سەرۆک یانەی چەمچەماڵ باسی لەوە کرد” ئێستا بە هۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانن راهێنەری نوێ بهێنین بۆ یانەکەمان، هەرچەند ئێستا زۆربه‌ی راهێنەرەکان پەیوەستن بە گرێبەستی یانەکانیانه‌وه‌، بۆیه‌ ئێمە بڕیارمان داوە تا کۆتایی خولەکە خۆمان راهێنەرایەتی یانەکە بکەین”.

ئەمە لە کاتێکدایە سەرۆک و جێگر و دەستەی كارگێڕیی یانەی چەمچەماڵ خۆبەخشن و هیچ بڕەپارەیەک لە یانەکە وەرناگرن، یانەی چەمچەماڵ بەهۆی قەیرانی دارایەوە تاکو ئێستا شۆفێر و دکتۆری تایبەت بە یانەکەیان نییە.

تۆڕی 964 ده‌زانێت، یانه‌كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆریشه‌ مووچه‌ی یاریزانه‌كانی نه‌داوه‌ و یاریزانه‌كانیش هه‌ڕه‌شه‌یان كردووه‌، ئه‌گه‌ر موچه‌كه‌یان پێنه‌ده‌ن، له‌ یاریی ئه‌مڕۆدا ناچنه‌ ناو یاریگه‌.

جێی ئاماژه‌یه‌ ئه‌مڕۆ یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ له‌ خولی كوردستان رووبه‌ڕووی یانه‌ی شێروانه‌ ده‌بێته‌وه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا