سێ شاعیری ناوچەی موکریان دەگەڕێنەوە هەولێر

964+
فەهمی نەبی

یەکێتی نوسەرانی کورد لقی هەولێر، دیدارێک بۆ یادی هەریەکە لە شاعیران هێمن، هەژار و هێدی رێکدەخات، دیدارەکە یەک رۆژ دەخایەنێت و لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە خەڵک بانگهێشتکراون.

هێمن، هەژار و هێدی سێ شاعیری بەناودەنگی کوردستانن، ئەوان وەک سێکوچکەی شاعیرانی موکریان ناسراون، هەرسێکیان خەڵکی ناوچەی موکریانی رۆژهەڵاتی کوردستانن.

دیدارەکە یەکێتی نوسەرانی کورد لقی هەولێر بەڕێوەی دەبات، بڕیارە رۆژی شەممە 18.3.2023 کاتژمێر 4:30 لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵلا بەڕێوەدەچێت.
عەبدولرەحمان فەرهادی سەرۆکی یەکێتی نوسەرانی کورد لقی هەولێر، بۆ 964 قسەیکرد دەڵێت: میوانداری زیاتر لە 300 کەسمان کردووە، ئەو کەسانە لە نوسەر و ئەدەب دۆستانی هەر چوار پارچەی کوردستانن، لەنێویاندا چەند کەسێک لە دەروەوەی کوردستانەوە میوانداری کراون.
عەبدولرەحمان فەرهادی ئەوەشی وت “سەردەمێک ئەو شاعیرانە لە هەولێر ژیاون، بۆیە بە ئەرکی یەکێتی نوسەرانمان زانیوە رێزلێنان ببەخشینە بنەماڵەی ئەو سێ شاعیرە”.

هێمن موکریانی زیاتر لە 12 کتێبی چاپکراوی هەیە، لە 18ی نیسانی ساڵی 1986 کۆچی دوایی کردووە، هەژار موکریانی دانەری فەرهەنگی هەنبانەبۆرینە و دەیان بەرهەمی دیکەیە لە 21ی شوباتی 1990 کۆچی دوایی کردووە، هێدی لە 27ی تشرینی یەکەمی 2016 کۆچی دوایی کردووە و خاوەنی چەند دیوانێکی شیعرییە.