خواپێداوان پارەیان داوە
وەستا و کرێکار لە دەرەی مەڕن و ئاوەدانی بۆ گوندەکە لە رێگەیە
ئەمەل ناجی – ھەورامان
کوێرە کانییەک خەریکە ژیان بە گوندێک دەبەخشێتەوە کە 20 ساڵە بەهۆی بێ ئاوییەوە چۆڵ کراوە، ئەوەی باس و خواستی ئەمجارەیە گوندی دەرەومەڕێ (دەرەی مەڕ) لە ھەورامان.
ئەم گوندە، ھاوسنووری گوندەکانی سەرگەت، ھانەیدن، زەڵم، و ئەحمەدئاوایە، زیاتر لە 20 ساڵە بە ھۆی وشکبوونی سەرچاوە ئاوییەکانیان گوندەکە بە تەواوی چۆڵکراوە، دوای ئەو رێژە زۆرەی بارانبارینی ئەمساڵ، کانی گوند بوژایەوە، و خەڵکی گوندەکەش مەراسیمی سوپاسگوزارییان بۆ ئەنجامدا، کۆبوونەوە و جۆش خرۆشی بەشداربووانی مەراسیمەکە بیرۆکەی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی لای ئەنجومەن و سەرمایەدارانی گوندەکە گەڵاڵە کرد، و لەئێستادا قۆڵیان لێ ھەڵماڵیوە و دەستیان پێکردووە.
سەردار قادر، ئەنجومەنی گوندەکە باسی رابردووی گوندەکەی بۆ کردین و دەڵێ، پێش داگیرانی گوندەکان دوو سەد بۆ دوو سەد و 50 ماڵ لە گوندەکەدا ژیاون، لە دوای گەڕانەوەی خەڵکیش بۆ گوندەکانیان تا ساڵی 2005یش نزیکەی 80 ماڵ لێرە ژیاون.
بەڵام، ئەو ساڵە سەرچاوەی ئاوی گوندەکە وشکبوو، و دانیشتوانەکەی بە ناچاری گوندەکەیان بەجێھێشتووە، لە ئێستادا بە ھاوکاری سەرمایەدارەکانی گوندەکە دەستکراوە بە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی و لە قۆناغی سەرەتاشدا، قادرمە بۆ ئەو رێگەیە درووست دەکەن کە پیادە بتوانن خەڵک پیایدا ھاتوچۆ بکەن، و حکومەتیش بەڵێنی چاککردنی رێگەی ئۆتۆمبێلی پێداون.
دەربارەی مێژووی گوندەکەیان و بژێوی ژیانی خەڵکەکەی ئەنجومەنی گوند ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی گوندەکە دەڵێ، بە پێی ئەو بەڵگانەی کە لەبەردەستدان، مێژووی ئاوەدانی گوندەکە بۆ پێش سەردەمی ئیسلام دەگەڕێتەوە، بە ھۆی ئەوەی گوندەکە لەسەر سنوورە، خەڵکەکەی زیاتر بە کاری بازرگانییەوە سەرقاڵبوون، سەردەمانێک ئەگەر لێرەوە شەکر و چا نەڕۆشتایە بۆ سلێمانی، لە شاردا قەیران درووست دەبوو.
رزگار تاھیر یەکێکە لەو وەستایانەی بە سەلیقە و لێھاتووی خۆی قادرمەکان درووست دەکات و باسی قورسی ئیشەکەی کرد و دەڵێ، بەردەکان لە گوندی گوڵپەوە دەھێنرێن، و لە سەرەوە کاری داتاشین و رێککردنیان بۆ دەکرێت.
دواتر بە ھێستر دەھێرێنە خوارەوە بۆ لای وەستا و کرێکارەکان، ئیشەکەش ھێندە قورسە ئەگەر ئەم کارە لە شار پێویستی بە دوو کرێکار بێت، لای ئەوان پێنج بۆ شەش کرێکاریان پێویستە، چونکە دەبێت بەردی شاخەکە بشکێنن ھەتا بتوانین کارەکەیان بە باشی ئەنجامبدەن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا