لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی

ناوی کاندیدان بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەکان بۆ عەلی زەیدی ناردرا

فەرهاد حەسەن

ئەنجوومەنی سیاسی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، ناوی کاندیدەکانی بۆ وەرگرتنی وەزارەتەکان بۆ عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو ناردووە.

نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنەکە، ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا، دەڵێت  ئێوارەی ئەمڕۆ، بەئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرکردەی ئەو پارت و هاوپەیمانییانەی ئەنجوومەنەکەیان پێکهێناوە، کۆبوونەوەیەکی لە بارەگای خەمیس خەنجەر لە بەغدا سازکرد.

ئاماژە بەوەکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی پێکهێنانی حکومەت و رێگاکانی پاڵپشتیکردنی حکومەتی داهاتوو بە شێوەیەک کە سەقامگیری سیاسی و پێداویستییەکانی قۆناغی ئێستا دەستەبەر بکات، تاوتوێ کران، بە وردیش باس لە بڕگەکانی رێکەوتنی سیاسی و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی کرا، بە جۆرێک کە لەگەڵ شایستە دەستوورییەکان و هاوسەنگییە نیشتمانییەکاندا بگونجێت.

ئەنجوومەنەکە رایگەیاند کە لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنە سیاسییە بەردەوامەکاندا، ناوی کاندیدەکانی بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەکان بۆ سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو ناردووە.

ئەنجوومەن، هەر جۆرە دەستوەردانێکی لەلایەن کەسایەتییە سیاسییەکان و لایەنەکانی دەرەوەی پێکهاتەکە لە شایستە وەزارییەکانی رەتکردەوە و جەختی لەسەر پابەندبوونی خۆی بە مافی بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆیی بەپێی ئەو چوارچێوانەی کە لە نێوان هێزە سیاسییەکانیدا رێکەوتنیان لەسەر کراوە، کردەوە.