ئەو ماتۆڕسوارانەی گێچەڵیان بە گەشتیاران کرد

حەوتیان دەستگیر کراون و ئەوانی دیکەش قۆڵبەست دەکرێن

میلاد جەلال – گەرمیان

لەو ماتۆڕسوارانەی شەوی رابردوو لەناو شاری کەلار رێیان لە گەشتیاران گرت، حەوتیان دەستگیر کراون و بە لێکۆڵێنەوە لەوان، ئەوانی دیکەش قۆڵبەست دەکرێن.

بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆی گیچەڵکردن بە چەند پاسێکی گەشتیاران کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە، دواتر ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون توانیویانە لە ماوەیەکی کەمدا ئەو ماتۆڕسوارانە دەستگیر بکەن کە بوونەهۆی بێزارکردنی گەشتیاران و رووبەڕووی یاسایان دەکەنەوە.

هیشتا پاڵنەر و هۆکاری پشتی رووداوەکە روون نییە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی 964 تا ئێستا حەوت لەو گەنجانە دەستگیر کراون و ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان دەیانەوێ بە لێکۆڵینەوە لەو چەند کەسە، ئەوانی دیکەش دەستگیر بکەن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری