دوای 35 ساڵ بەسەر رووداوەکە

15 ساڵە بە جینۆساید ناسێندراوە و قەرەبووی خەڵکەکە نەکراوەتەوە

964+

فەرمان سادق

35 ساڵ بەسەر کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە تێدەپەڕێت، کە بەهۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار کەس گیانیان بەخشی و هەزارانی دیکەش بوونەتە بەرکەوتە بەڵام هێشتا قەرەبوو نەکراونەتەوە.

لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا شاری هەڵەبجە لەلایەن رژێمی بەعسەوە کیمیاباران کرا، دوای تێپەڕبوونی 35 ساڵ بەسەر کارەساتەکە هێشتا خانەوادەی شەهیدانی شارەکە و بەرکەوتووانی چەکە کیمیاییەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە قەرەبوو نەکراونەتەوە، ئەگەرچی لە دەستووردا ئاماژەی پێدراوە.

هەڵەبجە، لە 16.3.1988 لەلایەن رژێمی بەعس کیمیاباران کرا کە بەهۆیەوە پێنج هەزار کەس گیانیانبەخشی و زیاتر لە 10 هەزار کەسیش بەرکەوتەی ئەو چەکە بوون، کە بەشێکیان لە ژیاندا ماون و بەشێکیان گیانیان لەدەستداوە.

دوای رووخانی رژێمی بەعس، دۆسیەی هەڵەبجە بووە یەکێک لە دۆسیەکانی دادگاییکردنی سەرانی رژێمی بەعس، کە ئەو تاوانە لە دادگا رووبەڕووی سەدام حسێن و بەرپرسانی باڵای حزبی بەعس کرایەوە.

964+

964+

بە دیاریکراوی لەسەر دۆسیەی هەڵەبجە، عەلی حەسەن مەجید لە 21.12.2008 دادگاییکرا و بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، بڕیارەکەش لە 25.1.2010 جێبەجێکرا. هاوکات دادگا بڕیاری 15 ساڵ زیندانی بەسەر هەریەکە لە سوڵتان هاشم، فەرحان موتڵەگ، سابیر عەبدول عەزیز.

هاوکات دادگا لە 17.1.2010، دۆسیەی کیمیابارانی هەڵەبجەی وەک جینۆساید ناساند، پەرلەمانی عێراقیش لە دانیشتنی ژمارە 44ـی ئاسایی خۆیدا لە 17.3.2011 بڕیاری ژمارە 12ـی دەرکرد و کیمیابارانی هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساند.

دۆسیەی کیمیابارانی هەڵەبجە، ئەگەرچی لەسەر ئاستی عێراق بە جینۆساید ناسێندراوە، بەڵام تا ئێستا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی جگە لە ولاتی کەنەدا نەبێت کە لە 16.3.2010 تاوانەکەی بە جینۆساید ناساند، هێشتا وەک جینۆساید دانیپێدانەنراوە.

لە 2013 هەڵەبجە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک پارێزگای چوارەمی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر کرا، لە 24ـی کانونی دووەمی هەمان ساڵیش بە نووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی حکومەتی عێراق کرد کە وەک پارێزگای 19ـەمینی عێراق بناسێندرێت.

ئەو دۆسیەی لەسەر ئاستی عێراق وەک خۆی مایەوە تا چەند 13.3.2023، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەڵەبجەی وەک 19ـەمین پارێزگای عێراق ناساند.

ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە زیاتر لە 135 هەزار کەسە. پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە، قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.