کوالێتی کۆنترۆلى ده‌رمان داوا ده‌كات د. عه‌تیه‌ قسه‌كانى بسه‌لمێنێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

دواى ئه‌وه‌ى له‌ پارچه‌ ڤیدیۆیه‌كدا د. عه‌تیه‌ حه‌مه‌سه‌عید، پزیشكى پسپۆڕى نه‌خۆشییه‌كانى ژنان و منداڵبوون، ئاماژه‌ى به‌وه‌كردبوو كه‌ تائێستا ده‌رمانى فڕێدراو له‌ ولأتى ئوردنه‌وه‌ ده‌هێندرێته‌ هه‌رێمی كوردستان، کوالێتی کۆنترۆل و ده‌رمانى هه‌رێم، داوا له‌ ناوبراو ده‌كات، فسه‌كانى بسه‌لمێنێت، ده‌نا رووبه‌ڕووى یاسای ده‌كه‌نه‌وه‌.

له‌و پارچه‌ ڤیدیۆیه‌دا، كه‌ له‌ دوو رۆژى رابردوو له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌لأیه‌تییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و 964یش بینیویه‌تى، د.عه‌تیه‌ ده‌ڵێت “ساڵى 2005 بۆ به‌شدارى كۆنفڕانسێك له‌ ئوردن بووم، به‌ڕێوه‌به‌رى كۆمپانیای سیڕینو پێیوتم “بۆچى هێنده‌ دوژمنى میلله‌تى خۆتانن ئه‌و ده‌رمانه‌ فڕێدراوه‌ى ئێره‌ ده‌بنه‌ وڵاته‌كه‌تان ..”

هه‌روه‌ها وتویه‌تى “هێنانى ئه‌و ده‌رمانه‌ فڕێدراوانه‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌”.

به‌قسه‌ى ناوبراو، ئه‌وكات به ‌راپۆرتێك حكومه‌تى هه‌رێمى له‌و بابه‌ته‌ ئاگاداركردۆته‌وه‌، به‌ڵام ده‌ڵێ “كه‌س وه‌ڵامى نه‌داومه‌ته‌وه‌”.

له‌به‌رامبه‌ردا، بەرێوبەرایەتی کوالێتی کۆنترۆل و دەرمان، كه‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى  هه‌رێمه‌، روونکردنەوەیه‌كى له‌سه‌ر ئه‌و ڤیدیۆیه‌ بڵاوكردۆته‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات “ئەم جۆرە لێدوانانە دڵەڕاوکێ و شڵەژانی دەروونی و بێ متمانەیی لەنێو هاوڵاتیان دروست دەکات”.

ده‌شڵێت “پێویستە ئەم بەڕێزە ئەم بابەتە پشتڕاست بکاتەوە و هەموو راستی و دۆکیومێنتی ئەو قسانە بسەلمێنێت، بە پێچەوانەوە رێکاری یاسایی دەگیرێتە بەر لە بەرامبەر فڕێدانی قسە و دروستکردنی گومان و دڵەڕاوکێ و لاوازکردنی متمانەی هاوڵاتیان”.