سێ رۆژە مۆڵێک لەسەر لێدانی گۆرانی سەدام داخراوە

میدیازان – هاوبەش ئەبوبەکر – هەولێر

لە هەولێر ماوەی سێ رۆژە مۆڵێک لەسەر لێدانی گۆرانییەک کە پیاهەڵدان بووە بەسەر سەدام حوسێن داخراوەو خاوەنەکەی دەستگیرکراوە.

لەو کاتەی لەسەر یوتیوب گۆرانی پەخش کردووە، لەپڕ لەپلەی لیستەکە گۆرانییەک هەبووە بەشان و باڵی سەدام حوسێنی هەڵداوە، لەبەر ئەوە خاوەنی مۆڵەکە لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراوەو لیژنەکانی قایمقامیەت مۆڵەکەیان داخستووە. 

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە میدیازانی راگەیاند، لەرۆژی ٧ی مانگەوە خاوەنی مۆڵەکە دەستگیرکراوەو مۆڵەکەشی داخراوە، بێ ئەوەی ناوی مۆڵەکە ئاشکرا بکات.

بە وتەی قایمقامی هەولێر، خاوەنی مۆڵەکە خەڵکی باکووری کوردستانە و بە مەبەست ئەو کارەی نەکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا مۆڵەتی دووبارە کردنەوەی پێنەدراوە و مۆڵەکەی بە داخراوی ماوەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی میدیازان، هاوڵاتییان هەواڵیان بە قایمقامییەت داوە کە لەنێو مۆڵەکە گۆرانی سەدام حوسێن لێدەدرێت و هەمان رۆژ لیژنەکانی قایمقامییەت مۆڵەکەیان داخستووە.

نەبەز عەبدولحەمید وتیشی، گۆرانییەکە لە رێگەی یوتیوب بە شێوەی خۆکارانە لێدراوە و بە مەبەست نەبووە.

پێشتریش لە مانگی ١١ی ساڵی رابردوو کافتریایەکی هەولێر لەسەر لێدانی گۆرانی ‘سەرۆکمان زێڕە’ی تایبەت بە سەدام حوسێن، بەبڕیاری پارێزگار داخرا.