سەیرانگەیەکی دەربەندیخان
"تەنیا ئەمڕۆ"
زیاتر لە 70 ھەزار گەشتیار سەردانی سەیرانگەکانی دەربەندیخانیان کردووە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ئەمڕۆ ھەینی 10.4.2026 کەشوھەواکەی خۆش بوو، لە زۆرینەی شارەکانی کوردستان خەڵکێکی زۆر چوونەدەرەوە بۆ گەشت و سەیران، گەشتوگوزاری دەربەندیخانیش دەڵێت، “زیاتر لە 70 ھەزار گەشتیار سەردانی دەربەندیخان و ناوچە گەشتیارییەکانیان کردووە”.
سەرکەوت بەکر، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دەربەندیخان بە 964ى وت، “ھەفتەکانی رابردوو بەھۆی نالەباری کەشوھەوا، ھاوڵاتیان کەم رۆیشتنە گەشت و سەیران، بەڵام ئەمڕۆ جەوێکی بەهارەی خۆشی ھەبوو، تەواوی سەیرانگەکانی دەربەندیخان پڕ بوون لە گەشتیار”.
“بەپێی ئەو ئامارە سەرەتاییانەی لە ھەردوو بازگەی ھاتنە ناو دەربەندیخان لە دیوی کەلار و سلێمانییەوە وەرمانگرتووە، پێشبینیی دەکرێت زیاتر لە 70 ھەزار گەشتیار سەردانی سەیرانگەکانی قەزاکەیان کردبێت”، سەرکەوت بەکر وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەھەفتەکانی داھاتوو ئەگەر کەشوھەوا خۆش بێت، ئەوە ئەو رێژەیە زۆر زیاد دەکات، داواش لە گەشتیاران دەکات کە پاشماوەکانیان بەجێنەھێڵن و جێگەکانی خۆیان پاکبکەنەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا