شەوی رابردوو لە کوردستان و ناوچەکە چی روویدا؟
موشەک و درۆنەکانی ئێران نەکەوتنەوە هەتا دوو هاوڵاتی دیکەیان شەهید کرد
964+
شۆڕش قادری
شەوی رابردوو موشەک و درۆن خەویان لە چاوی هاوڵاتیانی کوردستان زڕاند، نەکەوتنەوە هەتا لە گوندی زەرگەزەویی ناحیەی دارەشەکران لە پارێزگای هەولێر درۆنێک بەر خانووی هاونیشتمانییەک کەوت، لە ئەنجامدا دوو هاوسەر بەناوەکانی موسا ئەنوەر رەسول و مژدە ئەسعەد حەسەن شەهیدبوون، بەوەش ژمارەی شەهیدەکانی کوردستان لە ماوەی جەنگی ئێران گەیشتە 16 شەهید.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا وتی کە پەیوەندی لەگەڵ کورد زۆر باشە و داوایشی لێکردن لەم شەڕەدا خۆیان بەدوور بگرن.
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکەدا سهرۆكی ئهمریكا پەنجەی بۆ ئەو رۆژنامهنووسه درێژکرد کە ئەو پێیوایە یەکەم کەس بووە هەواڵی رزگارکردنی فڕۆکەوانەکەی لە ئێران ئاشکراکردووە و داوای لێکرد، سهرچاوهكهی ئاشكرا بكات، ئەگەرنا دهیخاته زیندانهوه.
ترەمپ جارێکی دیکە هەڕەشەی توندی لە ئێران کرد و رایگەیاند، دەکرێت ئێران لە یەک شەودا لەناوببرێت و رەنگە ئەو شەوەش ئەم شەو بێت کە مۆڵەتەکەی بۆ بەرپرسانی ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هۆرمز کۆتایی دێت.
هەرچەندە مۆڵەتەکەی ترەمپ بۆ لێدانی ژێرخانی وزە و وێستگەکانی کارەبای ئێران ئەمڕۆشی ماوە، بەڵام شەوی رابردوو چەند وێستگەیەکی کارەبا لە شارەکانی مەشهەد و ورمێ و چەند شوێنێکی دیکە بۆردومان کران.
سێنتکۆم رەتیکردەوە کەشتی جەنگیی USS Tripoli (LHA 7) لەلایەن سوپای پاسداران کرابێتە ئامانج و رایگەیاند، لە ئەرکەکەی بەردەوامە و بەرەو دەریای عەرەب لە پێشڕەوی دایە.
شەوی رابردوو لە نزیک گەڕەکی برایەتی خورماتوو ئۆتۆمبێلی غازفرۆشێک لەکاتی دابەشکردنی غاز بەسەر ماڵاندا، منداڵێکی دوو ساڵانی کرد بە ژێرەوە و دەستبەجێ منداڵهكه گیانی لەدەستدا.
هەر دوێنێ شەو ئۆتۆمبێلێک لە جۆری کامری لەسەر رێگای نێوان کەرکوک – پردێ وەرگەڕا و شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا.