پار و نەیار لەسەرى کۆک بوون

21 ساڵ لەمەوبەر؛ مام جەلال بوو بە سەرۆک کۆمارى عێراق

964+

وریا فەتاح

21 ساڵ لەمەوبەر و لە 6ـى نیسانى 2005، جەلال تاڵەبانى لەلایەن ئەنجومەنى نوێنەرانەوە وەک سەرۆک کۆمارى عێراق هەڵبژێردرا، بەمەش بوو بەیەکەم کورد لە مێژووى عێراقدا، پۆستى سەرۆک کۆمار وەربگرێت.

مام جەلال، رۆژی 06.04.2005 بوو سەرۆک کۆمارو هەتا 22.04.2006 لەو پۆستەدا بوو، ئەو خولە لەلایەن کۆمەڵەی نیشتیمانی عێراقییەوە هەڵبژێردراو بۆ یەک ساڵ بوو.

دوای ئەوە بۆ دوو خولی یەک لە دوا یەک لە پۆستی سەرۆک کۆماردا مایەوە، یەکەمیان 2006 – 2010 و دووەمیان 2010 – 2014 بەڵام دوو ساڵی کۆتایی ئەمەی دووەم بە هۆی نەخۆشییەوە بە فیعلی لە پۆستەکەیدا نەبوو.

سەرۆکایەتی مام جەلال ناگۆڕێت، مام جەلال سەرۆکایەتی دەگۆڕێت

پۆستەکەی تاڵەبانی لە بەغدا پڕۆتۆکۆڵی بوو، بەڵام خودی تاڵەبانی وایکردبوو پۆستێکی کاریگەرو گوێ لێگیراو بێت، ئەوانەی لە بەغدا لەگەڵ تاڵەبانی کاریان کردووە دەڵێن مام جەلال کەمترین کات پابەند دەبوو بە پڕۆتۆکۆڵەوە، کاتێکیش راوێژیان لەو بارەیەوە پێ دەدا، هەموو جار دەیوت ”سەرۆکایەتی مام جەلال ناگۆڕێت، مام جەلال سەرۆکایەتی دەگۆڕێت”.

مام جەلال 1933 لە دایکبووە، لە تەمەنی لاوێتیدا پەیوەندی کردووە بە یەکێتی قوتابیانی کوردستانەوەو لە ساڵی 1947 هەتا 1975 چالاکوان و سەرکردەو قسەرۆیشتووی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان بووەو لە سەرکردە دیارەکانی ئەو حیزبە بووە.

لەسەردەمی ناکۆکییەکانی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان، باڵێکی گەورەی ناو پارتی بە ناوی (جەلالی) ناودەبرا، هەرچەندە مام جەلال کەسی سێیەم و چوارەمی ئەو باڵە بوو، هەر لەوێشەوە دەستەواژەی (جەلالی و مەلایی) هاتە ناو کەلتوری سیاسی کوردستانەوە.

تاڵەبانى لە 3.10.2017، لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کردو سێ رۆژ دواتر تەرمەکەی گەڕێندرایەوە بۆ سلێمانی و لە مەراسیمێکی گەورەدا بە خاک سپێردرا.

تاڵەبانی 83 ساڵ ژیا، نزیکەی 60 ساڵی ئەم تەمەنەی لە خەبات و کوردایەتیدا بەسەربرد، دۆست و نەیارەکانیشی کۆکن لەسەر ئەوەی بە ژیانئاوایی ئەم سەرکردەیە بۆشاییەکی گەورە دروست بوو، هەم لە پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی و هەم لە پەیوەندنی کورد بە بەغداوە.