خەلیفان
ترس لە تەرزەکەی پار شۆفێرەکانی “مشەوەش” کردووە
964+
ئاکام غەفور- خەلیفان
دیمەنی تەرزەکەی ساڵی رابردووی سنووری سۆران کە زیانی گەورەی لە ئۆتۆمبێلەکان دا، هێشتا لە مێشکی شۆفێراندایە، ئەمڕۆ بە بارینی سووکە تەرزەیەک لە خەلیفان، شۆفێران کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشی و کێبڕکێ لەسەر گەراجەکان.
ساڵی ڕابردوو، تەرزەیەکی بەهێز لە سنووری سۆران باری و شوشەی سەدان ئۆتۆمبێلی شکاند و زیانی ملیۆنان دیناری لە خەڵک دا، ئەمڕۆ یەکشەممە، هەر کە لە ئاسمانی خەلیفانەوە سووکە تەرزەیەک دەستیپێکرد، شۆفێران بە پەلە ئۆتۆمبێلەکانیان خستە ژێر گەراج و شوێنە داپۆشراوەکان تا بە سەلامەتی لێی دەربچن.
بەهۆی ئەو ترسەی لە دڵی هاوڵاتیاندا ماوە، ئێستا هەر کە دەنگوباسی بارینی تەرزە دێتە ئاراوە، خەڵک “مشەوەش” دەبن. بەجۆرێک گەراجە داخراوەکانی ناوچەکە بەرناکەون و خەڵکێکی زۆر بە دوای شوێنێکی سەقفداردا دەگەڕێن تا ئۆتۆمبێلەکانیانی تێدا بشارنەوە، چونکە نایانەوێت دۆخى ساڵی رابردوو دووبارە ببێتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح