ساڵڕۆژی جینۆسایدی فه‌یلییه‌كانه‌

“كوردانی فه‌یلی و بارزانییه‌كان تاقیكردنه‌وه‌ی چه‌كی كیمیاییان له‌سه‌ر كراوه‌”

964+

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

ئه‌مڕۆ 4.4.2026 ساڵڕۆژی جینۆسایدكردی كوردانی فەیلییه‌ و 46 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌م كاره‌ساته‌ تێده‌په‌ڕێت، كه‌سایه‌تییه‌كی فه‌یلییش ده‌ڵێت، رژێمی به‌عس تاقیكردنه‌وه‌ی چه‌كی كیمیایی له‌سه‌ر ژماره‌یه‌كی كوردانی فه‌یلی و بارزانییه‌كان ئه‌نجامداوه‌.

حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵڕۆژی جینۆسایدی كوردانی فه‌یلی كردووه‌ به‌ بۆنه‌ و هه‌موو ساڵێك رێوڕه‌سمی بۆ ده‌كرێت.

به‌ گوێره‌ی داتا و ئاماره‌كان زیاتر له‌ 22 هه‌زار كوردی فه‌یلی زینده‌به‌چاڵ كراون و چاره‌نووسی به‌ هه‌زاران كه‌سی دیكه‌شیان نادیاره‌ و بێ سۆراغن.

حاجی داود ئەسعەد بەرپرسی كوردە فەیلییه‌كانی شاری كەركوك بە 964 وت، ئێمە كوردین و لە مەزهەبی شیعەین، بۆیه‌ پێمان دەڵین كوردانی شیعە، لە سەردەمی رژێمی به‌عسی له‌ناوچوو به‌ هه‌زاران كه‌سمان زیندەبەچاڵ كران و تا ئێستا بەدوای تەرمەكانیاندا ده‌گه‌ڕێین لە نوگرە سەلمان و بەغدا و رومادی و چەند شوێنێكی دیكە.

مامۆستا حەسەن عەلی، كە كوردی فەیلییە، بە 964 ـی وت، دوو ساڵ بەر لە ئێستا لە كۆنفرانسێكی نێودەوڵه‌تی له‌ باره‌ی جینۆسایدی كوردان، بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌وه‌ ئاشكرا كرا له‌ پێنج هه‌زار كوردی فه‌یلی و پێنج هه‌زار بارزانی له‌ ناوچەی عوكاشات تاقیكردنه‌وه‌ی ماددەی كیمیاییان له‌سه‌ر كراوه‌ و كوژراون، تا ئێستا تەرمەكانیشیان نەدۆزراوەتەوە.

وتیشی، ئەوە 23 ساڵه‌ پرۆسەی ئازادی ئەنجام دراوە، تا ئێستا بۆ ناسنامەكانمان كە سەردانی فەرمانگەی رەگەزنامە دەكەین، ناسنامەكانی ئێمە لە بەشی بیانییه‌كان داندراوە، تاكو ئێستا لە 10% نەگەڕاوەتەوە بەشەكانی دیكە، بۆ ئەوەی وەك هاوڵاتییەكی ئاسایی ناسنامەكانمان دەربهێنین.

رژێمی به‌عس له‌ سه‌ره‌تا تا ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو، كوردانی فه‌یلی له‌ ناوچه‌كانی خۆیان ده‌ربه‌ده‌ری ئێران كرد به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی موسڵمانی شیعه‌مه‌زهه‌بن و به‌شێكی زۆریشی لێ كوشتن، هه‌روه‌ها ناسنامه‌ی عێراقی لێوه‌رگرتنه‌وه‌ و ده‌ستی به‌سه‌ر ماڵ و موڵكیشیاندا گرت.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

کوردانی فەیلی داوا دەکەن کۆمەڵکوژکردنیان تۆماربکرێت

کوردانی فەیلی داوا دەکەن کۆمەڵکوژکردنیان تۆماربکرێت