سەری لەهەموو دونیا شێواندووە
سەرۆكی ئەمریكا بۆ دۆخی ئێستای جەنگ بە چوار رووخسار قسە دەكات
964+
فەرهاد حەسەن
ئەوەی بۆتانی باس دەكەم شیکردنەوەیەکی ستراتیژیی و دەروونییە، بۆ لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا بۆ دۆخی ئێران و ئەو جەنگەی ئێستا، بەو پێیەی زوو زوو قسەكانی گۆڕانكاری بەسەردادێت، یان كە قسەیەك بۆ لایەنێك دەكات جیاوازە لەگەڵ هەمان ئەو قسە كە بۆ لایەنێكی دیكە دەیكات، ئەمەش ئەوەی ئاشكرا كردووە، كە سەرۆكی ئەمریكا بەیەك ئاڕاستە و رووخسار قسەناكات بەڵكو چوار رووی قسەكردنی جیاوازی هەیە.
ئێستا یەك بەیەك بۆتان باس دەكەن
رووی یەكەمی قسەكردنی ترەمپ لە بەرامبەر ئێران:
رووێكی زۆر جیاوازە لەهەموو قسەكردنەكانی دیكەی، جارێک بە زمانێکی نەرم باسی سەرکردایەتی ئێران دەکات و دەڵێت “ئێمە تێگەیشتنمان هەیە”، بەڵام هێندەی پێناچێت هەڕەشەی توندیان ئاڕاستە دەكات و دەڵێت “دەتانگەڕێنینەوە بۆ سەردەمی بەردین”.
رووی دووەمی قسەكردنی بەرامبەر ناوخۆی ئەمریکایە، كە بە ملیۆنان هاوڵاتی لەدژی ئەم جەنگە هاتوونەتە سەرجادە، لەوەیان ترەمپ بە گەلی ئەمریکا دەڵێت: بێخەم بن لەم جەنگە سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە، هێزی دوژمنمان تێکشکاندووە و ئێران چیتر هەڕەشە نییە بۆ سەر ئەمریکا، هەروەها دەڵێت دابینکردنی نەوتی ئێمە پەیوەست نییە بە تەنگەی هورمزەوە، بۆیە ئەمریکا زیانی بەرناکەوێت.
رووی سێیەمی قسەكردنی بەرامبەر ئەوروپا و وڵاتانی ناوچەکەیە
ترەمپ ئەوروپییەکان بە “ترسنۆک” ناودەبات و دەڵێت چونکە نەوتی ئەوان بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕێت، دەبێت خۆیان بجوڵێن بۆ کردنەوەی و ئەمریکا ئەرکی نییە هەموو کارەکان بکات.
رووی چوارەمیشی ئەوەیە كەلە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا قسە بۆ جیهان دەكات، وەكو ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ قسەی كرد، هیچ شتێكی تازەی نەوت، تەنانەت پڕی دایە ژیانی تایبەتی سەرۆكی فەڕەنسا و وتی “بەبێ ژنەكەی ناتوانێت هیچ شتێك بكات و لێی دەترسێت” باشە ئەوە چ پەیوەندی بە جەنگی ئێستا ئێراندا هەیە؟؟؟؟
ئەم جیاوازی قسەكردنەی سەرۆكی ئەمریكا سەری لە خۆی و خەڵكیش شێواندووە، وایكردووە كەس نەزانێت ئەمریكا وەكو وڵات و ترەمپیش وەكو سەرۆكەكەی خەریكی چین؟
دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “Truth Social” پۆستێکی کردووە و دەڵێت: “سەرۆکە نوێیەکەی ئێران، کە کەمتر رادیکاڵ و توندڕەوە لە چاو سەرۆکەکانی پێشوو، داوای ئاگربەستێکی دەستبەجێی لێکردووم.”
كام سەرۆكی نوێی ئێرانە كە ترەمپ باسی دەكات، لەكاتێكدا مەسعود پزیشکیان هێشتا سەرۆکی ئێرانە و هیچ گۆڕانکارییەک رووی نەداوە. موجتەبا خامنەییش هێشتا لە پۆستەکەیدایە، هەرچەندە ترەمپ گومانی هەیە کە ئایا ئەو هێشتا لە ژیاندا مابێت یان نا، عەباس عێراچی وەزیری دەرەوەش لە ژیاندایە و زوو زوو قسە و هەڕەشەكانی ئەمریكا رەتدەكاتەوە، محەمەد باقر قالیبافیش كە سەرۆكی پەرلەمانە ئەویش لە ژیاندایە زوو زوو لە تویتەكانیدا ئامۆژگاری ترەمپ دەكات كە هەڕەشەكانی هیچ لێ سەوز نابێت… ئێ خۆ هەر ئەمانەش كە ئێستا سەرۆكایەتی ئێران دەكەن؟
ترەمپ لە تویتێكی دیكەیدا دەڵێت “دەبێت تەنگەی هورمز بکرێتەوە بۆ ئەوەی شەڕ رابگیرێت”… بەڵام لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ رۆیتەرز: دەڵێت من گوێ بە تەنگەی هورمز نادەم، با ئەو وڵاتانەی بەرژەوەندییان تێدایە خۆیان بڕۆن بیکەنەوە. تەنانەت هەڕەشەی کشانەوە لە هاوپەیمانی “ناتۆ”ش دەکات.
بەهەرحاڵ، كەس نازانێت خواست و مەبەستی ئەو قسە جیاوازانەی سەرۆكی ئەمریكا چییە كە لەبارەی جەنگەكە و ئێرانەوە دەیكات، چونكە زۆر ناڕوونە، ئێرانیش عەقڵە و زۆر بەباشی لەو ناڕوونییەی قسەكانی ترەمپ حاڵی بووە، و واینەكردووە قسەكانی ببنە جۆرێك لە شەڕی دەروونی لە بەرامبەریاندا، بۆیە زۆر بە ئەعسابێكی سارد و هێمنەوە مامەڵەی لەگەڵ دەكات.