یەكتربڕێك شەقامەكە بە شەستی دەبەستێتەوە
لەشەقامی سەهۆڵەكە سێ رێگای (جوڵە)ی تازە لەدایك دەبێت
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
بە گوێرەی بە دواداچوونەكانی چەند رۆژی 964 لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان، لەماوەی نێوان مانگی چوار بۆ پێنجی ئەمساڵ، بەردی بناغەی پڕۆژەی یەكتربڕی سالم لەسەهۆڵەكەی سلێمانی دادەنرێت.
پرۆژەكە لۆد و قەرەباڵغیەكی زۆر لە شەقامەكە ناهێڵێت، هەردوو یوتێرنی شەقامەكە چۆڵ دەكات و سەهۆڵەكەش راستەوخۆ بە بازنەیی مەلیك مەحمود دەبەستێتەوە.
964 بەدواداچونێكی وردی كردووە بۆ شەقامەكە و ئەو یەكتربڕەی كە بڕیارە جێبەجێ بكرێت، لەشەقامەكە سێ جوڵەی تازە لەدایك دەبێت، كە بە سی مەترییەك لە ئەندەرپاسێكدا چوون و هاتنی هەریەك لە گەڕەكەكانی شێخ محێدین و عەقاری سەربەست دەكات و بە دوو جوڵەش لە سەهۆڵەكەوە دەچیتەوە گەڕەكی عەقاری.
بەپێی وتەی چەند لایەنێكی پەیوەندیدار لە شارەوانی سلێمانی، وەبەرهێنێك لەبری پێدانی پارچە زەوییەك، كە وا دەردەكەوێت هەر لە شەقامی سالم بێت، تێچووی یەكتربڕەكە لە ئەستۆ بگرێت.
پلانەكە بەجۆرێكە لە ماوەی (200) رۆژ پڕۆژەكە تەواو بكرێت، چونكە ناوچەیەكی سەرەكی و قەرەباڵغە، وەكو خەمڵاندنیش بۆ جێبەجێكردنی لە نێوان بڕی (8-10) ملیار دیناری پێویستە، بۆ داهاتووش لەناوەندی شەقامەكە حساب بۆ هێڵێكی گواستنەوەی گشتی دەكرێت كە بەشەقامی سالم دا تێدەپەڕێت.
پڕۆژەكە پلان و ئامادەكاری لە پێشینەی هەیە و هەر زوو بەشێك لە زیادەڕەوییەكانی شەقامەكە لابراون و قەرەبووش كراونەتەوە، دوكانەكانی و شەقامی سەهۆڵەكە وەكو خۆی دەمێنێتەوە، تەنیا لەودیوی یەكتربڕەكەوە بەشێك لەخانووەكان و مزگەوتی رەشید دەبنە بەربەست لەبەردەمی و ئەوانیش لەگەڵ دەستپێكی پڕۆژەكە چارەسەر دەكرێن.