قایمقامیەت هەڕەشەی یاسایی دەکات
کێشەی مەیدانی ئاژەڵانی خورماتوو دەگاتە بنبەست؛ کاسبکاران گردبوونەوە
964+
سیروان خورشید- خورماتوو
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، کاسبکارانی مەیدانی ئاژەڵانی خورماتوو لەبەردەم باڵەخانەی قایمقامیەتی قەزاکە گردبوونەوە، ئەمەش وەک ناڕەزایەتییەک دژی بڕیاری ڕووخاندن و گواستنەوەی مەیدانەکەیان بۆ شوێنێکی نوێ.
نوێنەری کاسبکاران رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەیەکی دوو کاتژمێری لەگەڵ ئیدارەی قەزاکە و هێزە ئەمنییەکان، نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک. کاسبکاران دەڵێن: “شوێنە نوێیەکە زۆر دوورە و گونجاو نییە، پابەندی بڕیارەکە نابین و ئەگەر ناچار بکرێین، کارەکانمان رادەگرین و دەست لە کار هەڵدەگرین.”
زولفەقار حەیدەر، قایمقامی خورماتوو بە 964ـی راگەیاند، پاشەکشە لە بڕیارەکە ناکەن، چونکە شوێنی ئێستای مەیدانی ئاژەڵان “زێدەڕۆیە” و کەوتووەتە ناو پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون و رێگاوبان، بۆیە دەبێت بگوازرێنەوە بۆ دیوی باشووری قەزاکە.
قایمقامی خورماتوو هۆشداری دەداتە کاسبکاران و دەڵێت: “هەر کاسبکارێک پابەندی بڕیاری گواستنەوەکە نەبێت، رووبەڕووی رێکاری یاسایی توندی دەکەینەوە.”
کێشەی مەیدانی ئاژەڵانی خورماتوو لە کاتێکدایە کە قەزاکە بەدەست فراوانبوونی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و کێشەی زێدەڕۆییەوە دەناڵێنێت و کاسبکارانیش مەترسییان لە سستبوونی بازاڕەکەیان هەیە لە شوێنە نوێیەکەدا.
پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح