ئەمریکا تەنیا 16 دانەى لەم شێوەیەى هەیە
تایبەتمەندى ئەو فڕۆکە سیخوڕییەى ئێران تێکى شکاند
964+
وریا فەتاح
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، لە هێرشەکەی رۆژی هەینیی ئێران بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی “شازادە سوڵتان” لە سعودیە، فڕۆکەیەکی یەکجار گرنگ و دەگمەنی ئەمریکا لە جۆری (AWACS) زیانی زۆر قورسی پێگەیشتووە.
بەپێی زانیارییەکان، هێرشە موشەکی و درۆنییەکەی ئێران نەک هەر بووەتە هۆی برینداربوونی 12 سەربازی ئەمریکی و پێکانی چەند فڕۆکەیەکی سووتەمەنی، بەڵکو فڕۆکەیەکی جۆری (Boeing E-3 Sentry)یشی پێکاوە کە بە “چاوە گەڕۆکەکانی ئاسمان” ناسراوە.
تایبەتمەندى ئەم فڕۆکەیە چییە؟
فڕۆکەی “ئەواکس” رادارێکی پێشکەوتووی لەسەرە کە دەتوانێت لە دووری سەدان کیلۆمەترەوە فڕۆکە و موشەکەکان ببینێت و وێنەیەکی راستەوخۆی گۆڕەپانی جەنگ بداتە فەرماندەکان.
ئەمریکا تەنیا 16 دانە لەم فڕۆکە کارایەی هەبووە، لە کاتێکدا پێشتر ژمارەیان 30 دانە بووە.
جێگرەوەی ئەم فڕۆکەیە کە جۆری (E-7 Wedgetail)ە، هێشتا ئامادە نییە و تێچووی هەر دانەیەکی دەگاتە 700 ملیۆن دۆلار.
ئەم هێرشە بە یەکێک لە زیانە گەورە تەکنیکییەکانی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکە دادەنرێت، چونکە پەککەوتنی هەر دانەیەک لەم فڕۆکانە، کونێکی گەورە لە سیستەمی چاودێری و بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکادا دروست دەکات.