سیپان حەمۆ:
خراونەتە خوارەوە؛ چوار درۆن لە عێراقەوە بۆ بۆردومانى رۆژئاواى کوردستان هەڵساون
964+
وریا فەتاح
سیپان حەمۆ، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سوریا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی سوریا، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X)، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە دەکرێنە سەر ناوچەکانی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی و هۆشداری دەداتە حکومەتی عێراق.
حەمۆ رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، بنکەی سەربازیی “قەسرەک”ی ئەمریکی لە ناو خاکی سوریا، لە ڕێگەی چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) کراوەتە ئامانج. ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەر چوار درۆنەکە پێش گەیشتن بە ئامانج خراونەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددییان لێنەکەوتووەتەوە.
یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سوریا ئاشکرای کردووە کە ئەو درۆنانە لە ناو خاکی عێراقەوە ئاراستەی بنکەکە کراون، هەر بۆیەش عێراق بە بەرپرسیاری سەرەکیی ئەم پەلامارانە دەزانێت. داواشی لە حکومەتی عێراق کرد کە رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە، چونکە مەترسیی راستەقینە بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکە دروست دەکەن.
سیپان حەمۆ جەختی لە گرنگیی هاوکاریی هەرێمی و نێودەوڵەتی کردەوە بۆ گەرەنتی کردنی ئاسایش و سەقامگیری، ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە هەوڵەکان یەکبخرێن بۆ ئەوەی ناوچەکە لە ململانێ و هێرشی تێکدەرانە پارێزراو بێت.