كێشه‌كه له خورماتووه
پردی په‌یوه‌ندیی هه‌رێم و به‌غدا خه‌ریكه ده‌ڕووخێت
+964
سیروان خورشید – خورماتوو
پردی دەروازەی باشووری خورماتوو، کە نزیکەی پێنج مانگ به‌ر لە ئێستا بەهۆی لافاووه دیوێکی داڕما، ئێستا دیوەکەی دیکەی لە لێواری رووخاندایە، بە رووخانیشی هاتوچۆی نێوان هەرێم و بەغدا پەکی دەکەوێت.
لەتیف عەبدوڵا، شۆفێرێکی رێگه‌ی نێوان هەرێم و بەغدایە و به 964ی وت، “ماوەیەکە مەترسی لەسەر رووخانی ئەو پردەی کە ماوە دروست بووە و لە ئەگەری رووخانی ئەو پردەش، هاتوچۆمان بەتەواوی پەکی دەکەوێت و داواکارین لایەنی پەیوەندیدار بە زوویی چارەسەری بکه‌ن، چونکە پردەكه ستراتیژییه و رێگه‌ی هاتوچۆی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه”.
شارەوانی خورماتوو لای خۆیانه‌وه دەڵێن، تائێستا حکومەتی عێراق وەک پێویست بەدەم چاککردنەوەی پرده‌كه‌وە نەهاتوون، مانگ و نیوێک پێش ئێستا لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی رێگه‌وبانه‌کانی بەغدا هاتن و تەنیا چەند پایەکی پردەكه‌یان لەمەترسی رووخان چاککردەوە، هه‌روه‌ها پانتایی رێڕەوی ئاوەکەشیان گەورە کرد، بەڵام ئەمە چارەسەری بنەڕەتی نییە و لەهەر ئانوساتێکدا بێت مەترسی رووخانی دیوەکەی دیکەشی هەیە.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه بەڕێوەبەری شارەوانیی خورماتوو هیوا غالب به 964ی راگه‌یاند، تێچووی چاککردنەوەی پردەكه زیاتر لە هەشت ملیار دیناری پێویستە.
له 28.12.2025 به‌هۆی باران و لافاوه‌وه دیوێکی پردی باشووری خورماتوو، کە هاتوچۆی نێوان کەرکوک به‌ره‌و بەغدای لەسەرە، رووخا.
پێداچوونه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا