یەكێتی مامۆستایان: پێویستە حکومەت دیراسەی بکات

نزیکەی 11 هەزار مامۆستای کوردستان لەگەڵ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن نین

964+

فەرهاد حەسەن

بەپێی راپرسییەکی یەكێتی مامۆستایانی کوردستان، زیاتر لە 11 هەزار مامۆستا لەگەڵ ئەوەنین لەم دۆخەدا پرۆسەی خوێندن دەستپێبکاتەوە، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانیش پێی باشە حکومەت خۆی دیراسەی دۆخەکە بکات ب بڕیاری لەسەر بدرێت.

راپرسییەکەی یەکێتی مامۆستایان کە چەند رۆژێکە لە ماڵپەرەکەیان داندراوە مامۆستایانیش دەنگ بە “درێژکردنەوەی پشوو” و “دەستپێکردنەوەی خوێندن”  دەدەن، بەپێی دوایین داتای بەشداری مامۆستایان 10 هەزار و 749 مامۆستا لەگەڵ ئەوەن پشووەکە درێژبکرێتەوە دەوام نەکرێت، لە بەرانبەریشدا هەزار و 591 مامۆستا لەگەڵ دەستپێکردنەوەی خوێندنن.

ئەحمەد سابیر گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە 964 ی راگەیاند لە رێگەی ئەم راپرسییەوە دەمانەوێت راووبۆچوونی مامۆستایان چونکە ئەوان بەشێوەیەکی کرداری لەناو پۆل و ناوەندەکانی خوێندندان.

وتیشی “باشترە حکومەتی هەرێم خۆی دیراسەی وردی بارودۆخەکە بکات کە ئاخۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن ئاسایی دەبێت یاخود درێژە بە پشووەکە بدرێت”.

لەماوەی 27 رۆژی رابردوودا، کە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسڕائیل لەبەرامبەر ئێران دەستیپێکردووە، هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای هەرێم، بەیەکەوە دووجار پشوویان لە ناوەندەکانی خوێندن راگەیاندووە.