5000 مارێنزیش لە ژاپۆنەوە بە رێگاوەن
پنتاگۆن تیمێکی شەڕکەری 3000 کەسی دەنێرێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
964+
فەرهاد حەسەن
دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمریکا بڕیاردرا پێنج هەزار سەربازە مارێنزەکەی لە وڵاتی ژاپۆنەوە بگوازرێنەوە بۆ ناوچەی کەنداو، لە ئێستاشدا پنتاگۆن ئامادەکاری دەکات بۆ ناردنی تیمێکی شەڕکەر کە لە سێ هەزار سەرباز پێکهاتوون بنێرێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ماڵپهڕی ئەلمۆنیتۆر لە راپۆرتێکدا بڵاویكردهوه، پنتاگۆن خۆی ئامادە دەکات بۆ فەرمانکردن به ناردنی تیمێکی شەڕکەر لە فیرقەی 82ی ئاسمانی سوپای ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئهمریكا بژاردە سەربازییەکان بۆ ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکان لەسەر خاکی ئێران ههڵدەسەنگێنێت.
بهگوێرهی راپۆرتهكه، فەرمانەکانی ئامادەکاری بۆ بڵاوەپێکردنی هێزی بەرپەرچدانەوەی دەستبەجێی هێزی 82 لە کاتێکدایە کە نزیکەی دوو ههزار و 500 هێزی دەریایی ئەمریکی لە یەکەی 31ی گەشتیاری دەریایی هەروەها لە ڕێگەی کەشتیی USS Tripoli لە زەریای هێمنەوە بەرەو ناوچەکە دێن.
ئەدمیرات براد کوپەر، فەرماندەی باڵای پنتاگۆن بۆ ناوچەکە رایگەیاندووە، نزیکەی 50 هەزار سەربازی ئەمریکی پێشتر بەشدارییان لە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێراندا کردووە پێش ئەوەی ئەو جێگیرکردنانە دەستنیشان بکرێن.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فۆکس نیوزیش، جێگیرکردنی بەشێک لە هێزی کاردانەوەی خێرا لە هێزی 82 لە دەرەوەی “فۆرت براگ” هەرچەندە روون نەبوەتەوە کە ئایا فەرمانی جێگیرکردنی تەواوی یەکەکە دەدرێت لە یەک کاتدا یان نا.
فیرقەی 82ی ئاسمانی بە پلەی یەکەم هێزی پیادەیه کە ڕاهێنراون بۆ دابهزین له رێگهی پەرەشوت لە پشت هێڵەکانی دوژمن و دەستبەسەرداگرتنی زەوییە سەرەکییەکان و لاوازکردنی بەرگری لە پێش هێزە زەمینیەکان.
بەرپرسێکی ئەمریکی بە مۆنیتەری راگەیاندوە، ناردنی ئهو هێزه تایبهتهی ئهمریكا بۆ رۆژههڵاتی ناوهڕاست لهكاتێكدایه كه تاوهكو ئێستا هیچ بڕیارێک لە لایەن کۆشکی سپییەوە سەبارەت بە ناردنی هێزی زەمینی سەربازی بۆ ناو خاکی ئێران نەدراوە.
ترەمپ چەندین جار هەڕەشەی فراوانکردنی مەودای شەڕەکەی کردوە بۆ ئەوەی ژێرخانی وزەی ئێران بکاتە ئامانج ئەگەر سەرکردە دیفاکتۆییەکانی وڵاتەکە نەچنە دانوستانەکانەوە بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز و تەسلیمکردنی بەرنامەی پیتاندنی ئەتۆمی خۆیان.