شهوی رابردوو چی روویدا؟
نۆ هەزار ئامانج و نزیکەی 140 کەشتیی ئێرانی تێکشکێندراون
964+
ژێوار خدر
بۆ ئەوەی لە نوێترین و گرنگترین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی ناوخۆ و جیهان بێبەش نەبیت، 964 پوختەی رووداوەکانی چەند کاتژمێری رابردووی بۆ لێرە کۆکردوونەتەوە:
📌 درەنگانی شەوی رابردوو چەند دەنگێکی بەهێز لە ئاسمانی هەولێر بیسترا و چەند شایەتحاڵێک بە 964ـیان وت، کە بینیویانە سیستەمی بەرگری درۆنی لە ئاسمان خستووەتە خوارەوە.
📌 فەرماندەیی دەڤەری یەکی پێشمهرگە رایگەیاند: بەرەبەیانی ئەمڕۆ بارەگاکانی فیرقەی حەوت لە سنووری گوندی کەلەکچین بە دوو قۆناغ و بە 6 مووشەک هێرشیان کراوەتە سەر.
📌 قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی سلێمانی ئاگادارییەکی ئاراستەی هاوڵاتیانی شارەکە کرد و داوای لێکردن “پێشەکی دووەم”ی پارەی موەلیدە ئەهلییەکان رادەستی خاوەن موەلیدەکان نەکەن تا ئەوکاتەی بە فەرمی لەلایەن ئەوانەوە ئاگادار دەکرێنەوە.
📌 لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر بنکەیەکی حـ.*ەشدی شـ.*ەعبی لە پارێزگای ئەنباری عێراق، لانی کەم 10 کەس بە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبارەوە کوژران و 30 کەسی دیکەش بریندار بوون.
📌 دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سوریا رایگەیاند، یەکێک لە بنکە سەربازییەکانیان لە نزیک شارۆچکەی “یەعرووبییە” لە دەوروبەری حـەسەکە، رووبەڕووی هێرشێکی موشەکی بووەتەوە و هێرشەکەش لە رێگەی پێنج موشەکەوە ئەنجامدراوە کە لە دەوروبەری گوندی تەل ئەلهەوا لە قوڵایی 20 کیلۆمەتر لەناو خاکی عێراقەوە ئاراستە کراون.
📌لە ئەنجامی تێکشانی فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سەربازی لە کۆڵۆمبیا 66 کەس (58 سەرباز، 6 ئەندامی هێزی ئاسمانی و 2 پۆلیس) گیانیان لەدەستدا و 81 کەسی دیکە بریندار بوون، 4 سەربازیش تا ئێستا بێسەروشوێنن.
📌تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە لە پاڵاوگەیەکی نەوت لە کەناراوەکانی تێکساس روویدا و بووە هۆی بەرزبوونەوەی دووکەڵێکی چڕ و ناچارکردنی دانیشتووانی ناوچەکە بۆ مانەوە لە ماڵەکانیاندا.
📌فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەنگۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگیی ئێف 15ی ئەمریکی بەسەر ئاسمانی کوێتدا رەتکردەوە و رایگەیاند کە ئەو هەواڵانە درۆن و بەشێکن لە هەڵمەتی زانیاری ناڕاستی ئێران و ئەوەش یەکەمجار نییە.
📌کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکوور جەختی کردەوە کە پێگەی ئەتۆمیی کۆریای باکوور گەڕانەوەی بۆ نییە و بە هیچ جۆرێک دەستبەرداری ئەو چەکە نابن.
📌کەناڵی سی بی ئێس لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە رایگەیاند: لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە چەند خاڵێکیان لە ئەمریکاوە پێگەیشتووە و ئێستا خەریکی تاوتوێکردنیانن.
📌رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەی بەوە کردووە، کە هەوڵی دیپلۆماسیی چوار وڵات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکەی ئێران، بووەتە هۆی گۆڕانکاری لە شێوازی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپدا.
📌ژاپۆن رایگەیاند: لە رۆژی پێنجشەممەوە دەست دەکات بە بەکارهێنان و دەرهێنانی نەوت لە یەدەگەکانی وڵاتەکەی.
📌کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی: تەواوی ئەو مووشەکانەی لە دوایین هێرشی ئێراندا ئاراستە کران، لە ناوچە چۆڵ و کراوەکاندا کەوتوونەتە خوارەوە.
📌فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا دەڵێت: گەشتە جەنگییە ئاسمانییەکانیان لەسەر پشتی کەشتی فڕۆکەهەڵگری ‘یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن’ بۆ پشتگیریکردنی ئۆپەراسیۆنی ‘توڕەیی ئەفسانەیی’ بەردەوامن.”
📌سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا داوای راگرتنی دەستبەجێی شەڕ و کردەوە دوژمنکارییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.
📌فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا دەڵێت: لە سەرەتای دەستپێکی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەوە، زیاتر لە 9 هەزار ئامانج و نزیکەی 140 کەشتیی ئێرانییان تێکشکاندووە.