ئیدارەى راپەڕین
پردە کۆنەکەی دەربەند داڕما؛ ئەگەری رووخاندنی تەواوەتی هەیە
964+
وریا فەتاح
بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێی بچووک، لایەکی پردە کۆنەکەی دەربەندی رانیە داڕما و بەو هۆیەوە پردەکە بە تەواوی بەڕووی هاتوچۆدا داخرا.
محەمەد ناسر، ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی راپەڕین بە تۆڕی 964ـى راگەیاند: “زۆربوونی ئاوی زێی بچووک بووەتە هۆی بنکۆڵکردنی لایەکی پردەکە و داڕمانی، لەبەر سەلامەتی گیانی هاووڵاتییان هاتوچۆمان تێیدا راگرتووە.”
سەبارەت بە چارەنووسی پردەکە، ئەو ئەندازیارە ئاماژەی بەوە کرد کە تیمەکانیان لە شوێنی رووداوەکەن و خەریکی هەڵسەنگاندنی زیانەکانن، وتیشی: “ئەگەر پردەکە چاکبکرێتەوە ئەوا هەوڵی بۆ دەدەین، ئەگەرنا یەکێک لە ئەگەرە بەهێزەکان ئەوەیە کە بڕیاری رووخاندنی تەواوەتی پردەکە بدەین.”
پردە کۆنەکەی دەربەند مێژوویەکی پڕ لە گرفتی هەیە، هەر بەو هۆیەشەوە ساڵانی رابردوو پردێکی نوێ و مۆدێرن لە تەنیشتی دروستکرا و هاتوچۆی سەرەکی بۆ سەر ئەو پردە گواسترایەوە، بەڵام پردە کۆنەکە وەک رێگایەکی لاوەکی مابووەوە و ناوە ناوە هاتوچۆی پێدا دەکرا.