"هێرشەکانمان بۆ سەر ژێرخانی وەز دواخست"
ترەمپ: گفتوگۆی بنیاتنەرانەمان لەگەڵ ئێران هەبووە
964+
شۆڕش قادری
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گفتوگۆی بنیاتنەرانەیان لەگەڵ بەپرسانی ئێران ئەنجام داوە و هەربۆیەش هێرش کردنەسەر ژێرخانی وزە و کارەبای ئەو وڵاتەی بۆ پێنج رۆژ دواخستووە.
دۆناڵد ترەمپ لە نوێترین پۆستیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ بڵاویکردووەتەوە، نووسیویەتی، “خۆشحاڵم کە رایدەگەینیم لە دوو رۆژی رابردوودا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران گفتوگۆیەکی بەرهەمدار و بنیاتنەرانەیان لەبارەی کۆتاییهێنان بە دۆژمنایەتییەکەیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، گفتوگۆکەیان لە ماوەی ئەم هەفتەیدا بەردەوام دەبێت، بۆیە فەرمانی بە وەزارەتی جەنگی وڵاتەکەی کردووە هەرجۆرە هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی وزە و کارەبای ئێران بۆ پێنج رۆژ دوابخەن.
لە کۆتایی قسەکانیدا ترەمپ مەرجی داناوە بۆ ئەو بڕیارە و دەڵێت، “بەندە بە سەرکەوتنی گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانی ئێستاوە”.
ئەوەش لەکاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ مۆڵەتی 48 کاتژمێری دانابوو بۆ ئێران گەروی هۆرموز بکاتەوە، ئەگەرنا هێرشێکی توند دەکەنە سەر ژێرخانی وزە و وێستگەکانی کارەبای ئێران.