تجاریش گرانە بووەتە کێشە
لە سەیدسادق و شارەزوور غازی ماڵان بووەتە قاتی و دیارنیە کەی دەگات
964+
بڕوا مەجید – شارەزوور
لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی غاز لەمناگی رابردوودا، لە سەیدسادق و شارەزوور بڕی ئەو غازەی هەڵگیرابوو بەشی هەفتەیەکی کرد و دوای ئەوە تەنیا غازی تجاری لەبەنزینخانەکان دەفرۆشرێت ئەوەش بارگرانیەکی زیاتری بۆ هاوڵاتیانی ئەو دوو قەزایە دروستکرد.
ڕەزا محەمەد، قایمقامی قەزای سەیدسادق، بۆ 964 وتی، لەدوای وەستانی کارکردن لەکێڵگەی غازی کۆرمۆر، قەیرانی غاز سەرجەم ناوچەکانی کوردستانی گرتۆتەوە و قەزای سەیدسادقی بێبەش نەبوە لە شوێنەکانتر.
لە قەزاکە دوو کارگەی غازی لێیە کە پشت بەو غازە دەبەستێت کە لە کارگەی غازی کۆرمۆرەوە بەدەستی دەگات.
وتیشی “دوو ڕۆژە کارگەی غازەکە دەستی بەکارکردن کردۆتەوە و وابڕیارە غاز بۆ ناوچەکان بنێردێت بەڵام تاوەکو ئێستا بەدەستمان نەگەشتوە و دیارنیە کەی دەگات”.
لە سەیدسادق بڕیارەکە وایە لەگەڵ گەشتنی غاز بەسەر وەکیلەکاندا دابەشدەکرێت و لەگەڵ هەر ئۆتۆمبێلێکی غازیش کارمەنێکی هێزە ئەمنیەکانی لەگەڵبدا دەبێت بۆئەوەی بەشێوازێکی ڕێکوپێک بەسەر هاوڵاتیان و ئەو دووکاندارانەدا دابەشبکرێت کە ئیشوکاری هاوڵاتیان بەڕێدەکەن.
نزار موسا، لێپرسراوی لیژنەی سوتەمەنی لە قایمقامیەتی قەزای شارەزوور، بۆ 964 ، ئەوەی وت “لەدوای وەستانی کارکردن لەکێڵگەی غازەکە، هیچ بڕە غازێک بەدەست کارگەکانی قەزاکەمان نەگەشتوە و داوامان لە ناوچەکانی تر کردووە بۆ ئەوەی هاوکارمانبن”.
دەشڵێت “چاوەڕوانین لە ئەمڕۆ و چەند ڕۆژی دواتر پڕۆسەی دابەشکردنی غاز بەسەر قەزاکاندا دەستپێبکات و شارەزوریش یەکێک دەبێ لەوانەی بەشی دەنێردێت، بەهەمان نرخی پێشوو کە هەشت هەزار و 500 دینارە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشی دەکەین”.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن