باراناو زبڵ و خاشاکی زۆری لەگەڵ خۆی هێناوە
رووباری سیروان سەدان دۆنم دەغڵودانی جوتیارانی داپۆشیوە
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
زیادبوونی ئاستی ئاوی رووباری سیروان لەم چەند رۆژەی رابردوودا بەهۆی ئەو رێژە زۆرەی بارانبارینەوە، سەدان دۆنم دەغڵودانی جوتیارانی دەشتی شارەزووری داپۆشیوە و جوتیاران بۆ ئەمساڵ ناتوانن سوود لە زەوییەکانیان وەربگرن.
زیادبوونی ئاستی ئاوی سیروان بە جۆرێکە رێگەیەکی لاوەکی کە ناحیەی سیروان و گوندەکانی قەزای سەیدسادق کە بە پردی کۆن ناسراوە بە تەواوی داپۆشیوە و رێگەکەی بڕیوە، دەورووبەری رێگەکەش کە سەدان دۆنم زەوی کشتوکاڵییە و هەمووشی کراوە بە گەنم و جۆ، داپۆشیوە.
دوایین ساڵ کە ئاستی ئاو بەو شێوەیە زۆر بووە ساڵی 2019 بووە، لە دوای ئەو ساڵەوە ئاوی سیروان بەو رێژەیە زیادی نەکردووە کە ئەوەندە زیان بە جوتیاران بگەیەنێت، بەڵام جوتیارانیش خۆیان ئاگاداری ئەو بارودۆخەن و حاڵەتەکەیان بۆ ئاساییە، وەک خۆیان دەڵێن:” چاندنی دەغڵودان لەم ناوچەیەدا وەک قومارە و هەر ساڵێک ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەم حاڵەتە هەیە”.
لە 24 کاتژمێری رابردوو لە ناوەندی پارێزگای هەڵەبجەدا 64.6 ملم باران باریوە، کە کۆی گشتی ئەمساڵ 808.2 ملم بووە و بە بەراورد بە ساڵی رابردوو کە 353.1 ملم بووە، زیاتر لە دوو هێندە و نیو باران باریوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری