ساڵێکە رووماڵى کوشتن ناکەین

بێدەنگییەکى پیشەیى لە پێناو بەرپرسیارێتی و دەروونى وەرگرانمان

964+
ژوورى هەواڵ
ساڵێک لەمەوبەر 964 بڕیارێکی گرنگى دا، بێدەنگییەکی هەڵبژێردراو لەپێناو ئارامیی دەروونیی وەرگرانمان، کاتێک کوشتن و توندوتیژی ببووە هەواڵی یەکەمی میدیاکان، ئێمە رەتمانکردەوە کوژراوەکان تەنیا ببنە ”ژمارە” و توندوتیژی ببێتە ”پیشە”.

ئەمڕۆ، ساڵێک دوای ئەو بڕیارە دووپاتی دەکەینەوە کە گەیاندنی راستی ئەرکی ئێمەیە، بەڵام پاراستنی کۆمەڵگە لە شۆکی دەروونی، لەپێش هەموو شتێکەوەیە.

دواى بڕیارەکەمان، زۆربەی هەرە زۆری دۆستان و وەرگرانمان پشتیوانیان کردین و چەند دەزگایەکی میدیایی دیکەش هەمان هەنگاویان هەڵگرت، بەڵام بەشێکی دیکە لە دۆستانمان دەیانوت ئەمە بڕیارێکی قورسەو زەحمەتە میدیایەک بۆی بچێتە سەر، بەڵام دوای ساڵێک ئەو راستییە سەلماوە کە پابەندبووین بە بڕیارەکەمانەوە.

جگە لەمەش هەر لەسەرەتای کەوتنەکاری 964 بە هیچ شێوەیەک هەواڵی خۆکوشتنمان بڵاونەکردووەتەوە.

لەم ماوەیەشدا، تەنیا یەک دوای دەستپێکردنی شەڕەکەی نێوان ئیسرائیل و ئێران و ئەمەریکا واتە لە رۆژی 1ی ئازاری 2026 کاثێک هێرشکرایە سەر شارەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیارماندا هەر ڤیدیۆیەک زیانی بۆ باری ئاسایشی هەرێمی کوردستان هەبێت و نهێنی شوێنی بە ئامانجکراو ئاشکرا بکات، بڵاوینەکەینەوە، ئەمە تەنانەت بە ماوەیەکی زۆر پێش ئەوەش بوو دەزگا ئەمنی و پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان داوا لە میدیاکان بکەن ئەو جۆرە ڤیدیۆیانە بڵاونەکەنەوە.

لە 964 بەڵێن دەدەین، هەمیشە بەرپرسیارێتی لەپێش لایک و ڤیو دابنێین، هەمانکات بەڵێن دەدەین هیچ راستییەک لە وەرگرانمان ناشارینەوە، بەڵام راستی بە بەرپرسیارێتییەوە دەیگەیەنین.

رووماڵی هەواڵەکانی کوشتن رادەگرین

رووماڵی هەواڵەکانی کوشتن رادەگرین