وەزارەتی رۆشنبیری هۆشداری دەداتە میدیاکان:
“بڵاوکردنەوەی زانیاریی سەربازی و وێنەی شوێنە ئەمنییەکان قەدەغەیە”
964+
ژێوار خدر
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک رێنمایی نوێی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن و چالاکانی سۆشیال میدیا بڵاوکردەوە، وەزارەتەکە داوا دەکات لە کاتی رووداوە نائاساییەکاندا، بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێم و ئاسایشی نیشتمانی لەبەرچاو بگیرێت و میدیا نەبێتە هۆکارێک بۆ دروستکردنی مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتییان.
بەپێی رێنماییەکان، بڵاوکردنەوەی دەستبەجێی وێنە و ڤیدیۆی شوێنە ئەمنییەکان و زانیارییە وردە سەربازییەکان قەدەغە کراوە، وەزارەت جەخت دەکاتەوە کە دەبێت تەنیا پشت بە لێدوانی فەرمی وتەبێژانی ئەمنی ببەسترێت و وەرگێڕانی هەر پەیامێکی میدیا بیانییەکان کە “ژەهراوی یان شێوێندراو” بێت، بڵاوکارەکەی رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەکاتەوە.
لە بەشێکی تری رێنماییەکاندا هاتووە، لە کاتی کەوتنەخوارەوەی درۆن یان موشەک، نابێت کێبڕکێ لەسەر پەخشی راستەوخۆ بکرێت و حەرەمی ماڵ و شکۆی خێزانە زیانبەرکەوتووەکان بشکێندرێت، وەزارەتی رۆشنبیری داوا دەکات وتاری میدیایی ئاوێتەی ستراتیژی ئاشتیخوازیی هەرێمی کوردستان بێت و دوور بکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکار کە سەقامگیری کۆمەڵگە دەخاتە مەترسییەوە.