هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق. فۆتۆ: ئاژانسەکان
هێزەکانی ناوەندیی ئەمریکا:
“دوودڵ نابین لە بەرگریکردن لە خۆمان و ئەندامانمان لە عێراق”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا “سێنتکۆم” میلیشیا چەکدارەکانی عێراقی بە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوڵاتیانی ئەمریکی لە عێراق تۆمەتبار کرد و دەڵێن ئیتر دەست دەکەینەوە و بەرگری لە خۆمان دەکەین.
فەرماندەییەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 19.3.2026راگەیاندراوێکی رۆژنامەوانی بڵاوکردەوە و جەختی لەوە کردەوە، “ئەمریکا درێغی ناکات لە بەرگریکردن لە هێزەکانی و کارمەندانی ئەمریکی لە عێراق”، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی بەرگری و رێگریکردن بەردەوامە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ئێستا.
لە پێشهاتێکی پەیوەندیداریشدا، سەرچاوە ئەمنییەکان لە عێراق بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، دامەزراوەیەکی دیپلۆماسی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بە مووشەکی کاتیۆشا کراوەتە ئامانج.
ئاماژەیان بەوەش کردووە، هێرشەکە سیستمی ئاگادارکەرەوەی ناو دامەزراوەکە و ناوچەکانی دەوروبەری بەکارخست، بەبێ ئەوەی وردەکاری دەستبەجێ لەسەر رادەی قوربانییەکان یان زیانە ماددییەکان بخەنەڕوو.
لەوەتەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر ئێران دەستیپێکردووە، گرووپە چەکدارە میلیشیاکانی عێراق، کە خۆیان ناوناوە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، بە مووشەک و درۆن هێرش دەکەنە سەر بنکە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان