ئێران لە ماتەمێکی گشتگیردایە

تاران بە لێشاوێکی ماتەمینی بۆ لاریجانی و سولەیمانی رژایە سەر شەقام

964+

فەرهاد حەسەن

ئەمڕۆ چوارشەممە، مەراسیمێکی جەماوەریی گەورە لە مەیدانی “ئینقیلاب”ی تارانی پایتەخت بەڕێوەچوو، بۆ بەخاکسپاردنی عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و غوڵامڕەزا سولەیمانی، فەرماندەی هێزەکانی بەسیج، کە دوێنێ لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژران.

ئاژانسی (ئیرنا)ی ئێرانی بڵاویکردەوە، هەزاران کەس لە چین و توێژە جیاوازەکان ، لە کەشێکی پڕ لە خەم و ئاڵۆزیدا بەشدارییان لە بەخاکسپاردنی ئەو بەرپرسە باڵایانە کرد، کە بەهۆی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و (ئەمریکا – ئیسرائیل) گیانیان لەدەستداوە.

عەلی لاریجانی، دوێنێ سێشەممە لەگەڵ کوڕەکەیدا، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر تاران و غوڵامڕەزا سولەیمانی لە هێرشێکی جیاوازی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلدا کرانە ئامانج و کوژران

میدیاکانی ئێرانیش بلاویان کردەوە کە تەرمی عەلی لاریجانی دەبردرێتە شاری مەشهەد و رۆژی شەممەی داهاتوو لە مەزارگەی ئیمام رەزا بەخاک دەسپێردرێت.

ئەم مەراسیمە لە کاتێکدایە کە ئێران لە دۆخێکی نائارامی گەورەدایە، بەتایبەت دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی کە لە 28.2.2026 کوژرا.

لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا، هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕایانگەیاندووە کە زنجیرە هێرشێکی تۆڵەسەندنەوەیان بە موشەک و درۆن بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە و ناو خاکی ئیسرائیل ئەنجامداوە.