دیمەنێ یەکێک لەو شەوانەی کە بە درۆن هێرشکرایە سەر هەولێر - وێنە؛ ئەرشیفی 964
ئاماری رێکخراوی CPT
ژمارەی قوربانی و هێرشەکان بۆ سەر کوردستان روو لە زیادبوونن
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
تیمی کوردستانی عێراق لە رێکخراوی CPTی ئەمریکی دەڵێت، لەوەتەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران دەستیپێکردووە، ژمارەی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و کوژراو و بریندارەکانیش روو لە زیادبوونن.
رێکخراوەکە ئەمڕۆ دووشەممە 16.3.2026 ئامارێکی نوێی لە بارەی هێرش و قوربانییەکان بڵاوکردەوە، کە بەم جۆرەیە:
“لە 28ی شوباتەوە، سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی، (307) هێرشیان کردۆتە سەر هەرێمی کوردستان و بەهۆیەوە (8) کەس کوژراون و (51) کەسی تر برینداربوون.”
تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT، لە ساتەوەختی دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران لە 28ی شوبات، کاردانەوەی سوپای پاسدارانی ئێران و بە ئامانجگرتنی هەرێمی کوردستانی عێراق، ژمارەی هێرشەکان و کاریگەرییان بۆ سەر هاووڵاتییانی مەدەنی و دامەزراوە حکومی و مەدەنییەکان لە هەرێمی کوردستاندا تۆمار دەکات.
لە 7ی ئادار تاوەکو 15ی ئادار، سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی، (111) هێرش و بۆردوومانییان و بۆسەر هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجامداوە و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، (36) کەس بوونەتە قوربانی کە (4)یان گیانیان لەدەستداوە و (32)ی تریان برینداربوون. بەراورد بە هەفتەی یەکەمی شەڕەکە، کە سوپای پاسداران و گروپە هاوپەیوەندەکانی (196) هێرش و بۆردوومانییان بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامدابوو، ژمارەی هێرشەکان بە ڕێژەی (43.5%) کەمیکردووە. بەڵام بەراورد بە ژمارەی قوربانییان، کە لە هەفتەی یەکەمی شەڕەکەدا، (23) کەس بووبونە قوربانی، ژمارەی قوربانییان بە ڕێژەی (56.5%) زیادیکردووە. بەشێوەیەکی گشتی لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە، (307) هێرش و بۆردوومان بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە و (59) کەسیش بوونەتە قوربانی.
لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا، سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی لە عێراق، (81) هێرشیان بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێر ئەنجامداوە، بەمەش کۆی گشتی هێرشەکان لەسەرەتای جەنگەکە بۆ سەر سنوری ئەو پارێزگایە (243) هێرش بووە. لە سنوری پارێزگای سلێمانیش (30) هێرش ئەنجامدراوە، بەمەش کۆی گشتی هێرشەکان بۆ سەر سنوری ئەو پارێزگایە دەبێتە (56) هێرش. لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردووشدا، هیچ هێرشێک لە سنوری پارێزگای دهۆک و هەڵەبجە ڕووینەداوە و لە سەرەتای جەنگەکەوە، (5) هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای دهۆک و (3) هێرشیش بۆ سەر سنوری پارێزگای هەڵەبجە بووە.
لە کۆی (111) هێرش بۆسەر هەرێمی کوردستان لە هەفتەی ڕابردوودا، سوپای پاسدارانی ئێران (64) هێرش و گروپە هاوپەیوەندەکانیشی لە عێراقدا (47) هێرشیان ئەنجامداوە. (76) هێرش لە رێگەی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ و (24) هێرش لە ڕێگەی مووشەک و (10) هێرش لە ڕێگەی تۆپخانەکان و (1) هێرشیش لە ڕێگەی تەقەکردنەوە بووە، کە تیایدا سەربازانی سوپای پاسداران، بە هەڕەمەکی تەقەیان بە ڕووی گوندی قندۆڵ لە سنوری قەزای پشدەردا کردووە.
لە هێرشەکانی هەفتەی ڕابردوودا، کۆنسوڵخانە و بارەگای سەربازی و دامەزراوەکانی پەیوەند بە حکومەتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان (39) جار بە ئامانجگیراون و لەسەرەتای جەنگەکەشەوە (97) جار هێرشیان کراوەتە سەر. هەروەها، کامپی پەنابەرانی کوردانی ڕۆژهەڵات و بارەگای سەربازی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان (43) جار بەئامانجگیراون و لە سەرەتای جەنگەکەشەوە (86) جار هێرشیان کراوەتە سەر. بارەگاکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، ناوچە مەدەنی نشینەکان، کۆنسوڵخانەی ئیمارات، کێڵگە نەوتییەکان، بارەگای سەربازی هێزەکانی هاوپەیمانانی نا بەشدار لەو جەنگە، شوێنە گشتییەکان (29) جار کراونەتە ئامانج و لە سەرەتای جەنگەکەشەوە (124) جار هێرشیان کراوەتە سەر.
کۆی گشتی قوربانییانی هێرشەکانی هەفتەی ڕابردوو بۆ سەر هەرێمی کوردستان (36) قوربانی (4) کوژراو و (32) بریندارە، کە لەو ژمارەیە (11) قوربانی (3) کوژراو و (8) بریندار، چەکدار یاخود ئەندامی حزبە کورییە چەکدارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن. (12) قوربانی تر (1) کوژراو و (11) بریندار، پاسەوان، پێشمەرگە، چەکداری بیانی نا بەشدار لەو جەنگە بوون. (13) قوربانی تر کە هەموویان برینداربوون، هاووڵاتی مەدەنین. بەمەش کۆی گشتی قوربانییان لەسەرەتای جەنگەکەوە لە هەرێمی کوردستان (59) قوربانی (8) کوژراو و (51) بریندارن.
جگە لە زیانی گیانی، هێرشەکانی سوپای پاسداران و گروپە هاوپەیوەندەکانی، بوونەتە هۆی زیان گەیاندن بە خانووی هاووڵاتیانی مەدەنی، کێڵگەی نەوتی، ئامرازەکانی پەیوەندیکردن، هۆتێل، شوێنی گشتی، دامەزراوەی حکومی و مەدەنی. بە تەنیا لە هەفتەی ڕابردوودا، (21) خانووی هاووڵاتییانی مەدەنی بە ئامانجگیراون یاخود پارچەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ و پاشماوەی تەقەمەنییان بەرکەوتووە.
تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی CPT، مەترسی خۆی لە دڕێژە کێشانی ئەو جەنگە دەردەبڕێت و بە ئامانجگرتنی هاووڵاتیانی مەدەنی و دامەزراوە مەدەنییەکان لەلایەن ووڵاتانی بەشدار لەو جەنگە سەرکۆنە دەکات. بۆردوومانی هەڕەمەکی بۆسەر شوێنی مەدەنی نشین و بینا و شوێنە گشتییەکان تاوانی جەنگن و دەبێت بوەستێندرێن.
تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT
16.3.2026