"جێگەی مەترسی بوو"
ئیسڕائیل دەڵێت ناوەندێکی پەرەپێدانی مانگە دەستکردەکانمان لە تاران لەناوبرد
964+
فەرهاد حەسەن
وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل چەند وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ناوەندێکی پەرەپێدانی تواناکانی هێرشکردنە سەر مانگە دەستکردەکانیان لە تاران لەناوبردووە
ئیلا واویە، وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل، کە بە زمانی عەرەبی قسەدەکات بڵاویکردووەتەوە، هێزی ئاسمانی لە گورزێکی گەورەدا و لە دڵی تاران ئەم ناوەندی ئێرانیان تێکشکاند کە بۆ پەرەپێدانی تواناکانی هێرشبەری بۆ بەئامانجگرتنی مانگە دەستکردەکان بەکاردەهات.
دەشڵێت “ئەم ناوەندەی لەناوبراوە، مەترسی لەسەر مانگە دەستکردەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل و بۆشایی ئاسمانی وڵاتانی دیکەی جیهان دروست دەکرد”.
ئاماژەی بەوەکردووە، ناوەندە ئامانجدارەکە بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی سەربازیی بۆشایی ئاسمان کەڵکی لێوەرگیراوە، لەوانە مانگی دەستکردی “شمران-یەک” کە لەلایەن پیشەسازییە ئەلیکترۆنیەکانی وەزارەتی بەرگریی ئێرانەوە دروستکراوە و لە مانگی ئەیلولی 2024 لەلایەن سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامیەوە رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا.