دواى 17 رۆژ
ئاڵوگۆڕى بازرگانى لە مەرزى کێلێ دەستیپێکردەوە
964+
وریا فەتاح
لە دواى هەڵگیرسانى جەنگى ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژى ئێران، مەرزى کیلێ بەرووى هاتوچۆى گەشتیارى و بازرگانى دا داخرا، بەڵام ئەمڕۆ دواى 17 رۆژ، دەرگاى مەرزەکە کرایەوە.
عەباس عەزیز، بەڕێوەبەرى گومرگى راپەڕین بە 964ـى وت،”هەر لەگەڵ دەستپێکردنى جەنگەکە لە 28.2.2026ـەوە، مەرزى کێلێ داخرا و هاتوچۆى گەشتیارى و بازرگانى پەکى کەوت”.
وەک ئەوەى باسى دەکات، دوێنێ لایەنى ئێرانى ئاگاداریان کردوونەتەوە کە ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەى ئاڵوگۆڕ و لە بەیانى ئەمڕۆوە، دەرگاى مەرزەکە لە هەردوو دیوى هەرێمى کوردستان و رۆژهەڵاتى کوردستانەوە، کراوەتەوە.
بەوتەى عەباس عەزیز، هەرچەندە لە بەیانییەوە دەرگاى مەرز کراوەتەوە، بەڵام تا نیوەڕۆ هیچ بارهەڵگرێک هاتوچۆى نەکردووە.
لەبارەى دەستپێکردنەوەى هاتوچۆى گەشتیارى، عەباس عەزیز وتى،”بەهۆى شەڕەکەوە، هاتوچۆى گەشتیارى پەکى کەوتووە، مەگەر هاوڵاتییەکى ئێرانى لە دیوى هەرێمى کوردستان گیرى خواردبێت یان بە پێچەوانەوە، ئەوەش لە رۆژانى رابردوو لە رێگەى دەروازە فەرمییەکانەوە، گەشتیان کردووە”.