چۆن بەربەستەکان دەشکێنن؟

ئێرانییەکان زیاتر لە 14 رۆژە رووبەڕووی بلۆککردنێکی بەرفراوانی ئینتەرنێت بوونەتەوە

964+

فەرهاد حەسەن

بەپێی ڕاپۆرتێکی روانگەی “نێت بلۆکس” بۆ چاودێری ئازادیی پەیوەندییەکان، ئێرانییەکان بۆ ماوەی زیاتر لە 14 ڕۆژە ڕوبەڕوی بلۆککردنێکی بەرفراوانی ئینتەرنێت، لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە سەپێنراوە. سەرەڕای ئەوەش، دانیشتوان هێشتا چەندین ڕێگەیان هەیە بۆ دەربازبون لەم دۆخە و تێپەڕاندنی سانسۆر.

بە وتەی مەهسا عەلیمەردانی، یاریدەدەری بەڕێوەبەر لە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی “ویتنس”، هێشتا هەندێک ئێرانی دەتوانن لە ڕێگەی هێڵە تەلەفۆنییە جێگیرەکانەوە پەیوەندی بە دەرەوەی وڵات بکەن، کە ئەمەش کارێکی “تا ڕادەیەک سەیرە”.

تۆڕەکانی “VPN” کە پەیوەندییەکی کۆدکراو دابیندەکەن، رێگە بە تێپەڕاندنی بەربەستە ناوخۆییەکان دەدەن، بەڵام پێویستیان بە بوونی هێڵی ئینتەرنێت هەیە.

بەپێی “نێت بلۆکس”، لە ئێستادا ئینتەرنێت لە ئێران تەنیا بە رێژەی 1%ـی ئاستی ئاسایی خۆی کار دەکات، هەندێک لە بەکارهێنەرانیش هەوڵیانداوە “VPN” بەکاربهێنن، نامەی ئاگادارکردنەوەیان لەسەر مۆبایلەکانیان پێگەیشتووە کە گومان دەکرێت لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە نێردرابێت.

بەر لە شەڕەکە، ملیۆنان ئێرانی ئامرازەکانی کۆمپانیای “سایفۆن”ی کەنەدییان بەکاردەهێنا، کە بەراورد بە ڤی پی ئێنە ئاساییەکان، باشتر توانای “خۆدزینەوە لە چاودێری” هەیە.

تەکنەلۆژیای “توشە” (Toosheh) کە لەلایەن رێکخراوی “نێت فریدۆم پایۆنێرز”ی ئەمریکی پەرەی پێدراوە، رێگە دەدات ئامێرەکانی وەرگری سەتەلایت بەکاربهێنرێن بۆ پەخشکردنی داتای کۆدکراو بۆ ناو ئێران.

بەکارهێنەران ئەم داتا کۆدکراوانە لە رێگەی تەلەفزیۆنەکەوە لەسەر میمۆری  USB تۆمار دەکەن، پاشان لە رێگەی ئەپڵیکەیشنێکی مۆبایل یان کۆمپیوتەرەوە کۆدەکانی دەشکێنن و دەیخوێننەوە.

ئیمیلیای جیمس، بەڕێوەبەری بەرنامەکانی رێکخراوەکە دەڵێت، “توشە” لە ساڵی 2025 نزیکەی سێ ملیۆن بەکارهێنەری چالاکی لە ئێران هەبووە. ئاماژەی بەوەشکرد کە بەرنامەکانیان زۆرجار جەخت لەسەر پەروەردە و هەواڵ دەکەنەوە، بەڵام بابەتەکانی پەیوەست بە “سەلامەتی کەسی و دیجیتاڵی”ش دەگرێتەوە، چونکە بەکارهێنەران تەنیا نیشانەیەکی پەخشی گشتی وەردەگرن، ناتوانرێت شوێنپێیان هەڵبگیرێت.

ئەوە لەكاتێكدایە كە خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی “ستارلینک”، سەر بە ملیاردێر ئیلۆن مەسک، لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا بۆ گواستنەوەی زانیاری بۆ دەرەوە بەکارهێنرا.

بەڵام ئامێرەکانی ستارلینک زۆر گرانن، نرخەکەی لە بازاڕی رەش لە ئێران دەگاتە نزیکەی دوو هەزار دۆلار و بەدەستهێنانیشیان لە ناوچە هەژارنشینەکانی وەک بەلوچستان و کوردستان قورسە، کە لەوێ سەرکوتکردنەکان توندترن.

ڕاهە بەحرەینی، توێژەر لە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، دەڵێت کە راپۆرتیان پێگەیشتوە دەربارەی “هەڵکوتانە سەر ماڵان و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی ئامێری ستارلینکیان پێیە”.

باسی لەوەشکردووە، هەر کەسێک لە کاتی پەیوەندیکردن بە دەرەوە دەستگیربکرێت، ڕەنگە رووبەڕووی سزای قورس ببێتەوە کە دەگاتە زیندانیکردن یان تەنانەت لەسێدارەدان.