لێپرسینەوە و قەرەبووکردنەوە

هیومان رایتس وۆچ: هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر قوتابخانەیەک لە ئێران تاوانی جەنگە

964+

فەرهاد حەسەن

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ رایگەیاند، لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەو هێرشەی ئەمریکا دەکەن کە کردوویەتییە سەر قوتابخانەیەک لە ئێران و بە تاوانی جەنگیش باسی کردووە.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی گەیشتوونەتە رێکخراوەکە، ئەمریکا بەرپرسیارە لە هێرشە کوشندەکەی سەر قوتابخانەکە و لەسەر بنەمای داتا بەسەرچووەکانی ئامانجکردن ئەنجامی داوە، دەڵێت “پێویستە چاکسازی و لێپرسینەوە لەناو سوپای ئەمریکادا ئەنجام بدرێت، بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی مەدەنی لە کاتی ململانێکاندا”.

دەشڵێت “هێرشەکە بەهۆی هەڵەی ئامانجگرتنەوە بووە، بەڵام لەکاتی هێرشەکەدا هیچ ئامانجێکی سەربازی لە قوتابخانەکە یان نزیکییەوە نەبووە تا پاساو بۆ هێرشەکە بهێندرێتەوە”.

ئاماژەی بەوەکردوو، یاساکانی جەنگ هێرشکردن قەدەغە دەکەن ئەگەر زیانی چاوەڕوانکراو بۆ مەدەنییەکان لە دەستکەوتی سەربازیی هێرشەکە زیاتر بێت، کە لێرەدا سوپای ئەمریکا ئەم بنەمایەی پشتگوێ خستووە.

داواش دەکات کە پێویستە حکومەتی ئەمریکا قەرەبووی تەواوی زیانەکان بکاتەوە و ئەو کەسانەش کە لە هێرشەکە بەرپرس بوون، رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بکرێنەوە.