هێڵی ئاسمانی عێراقی گەشتى نائاسایی دەستپێدەکات؛ بۆ گەڕانەوەى ئەو هاوڵاتیانەى لە دەرەوە گیریانخواردووە

964+

وریا فەتاح

كۆمپانیای گشتی هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق رایگەیاند، سبەینێ یەکشەممە دەستدەکەن بە ئەنجامدانی چەند گەشتێکی ئاسمانیی نائاسایی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاوڵاتییە عێراقییانەی لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە، گەشتەکانیش لە قاهیرە و دەلهییەوە دەبن بۆ وڵاتی سعودیە.

بەپێی راگەیەندراوێکی کۆمپانیاکە، لەسەر راسپاردەی خالید شوانی، وەزیری گواستنەوە بەوەکالەت و بەمەبەستی بەدەمەوەچوونی ئەو هاوڵاتییانەی بەهۆی رووداوەکانی ئەم دواییەوە لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە، بڕیاردراوە لە سبەینێ یەکشەممە 15ـى مانگ تاوەکو رۆژی چوارشەممە 18.3.2026، گەشتی تایبەت بۆ هێنانەوەیان رێکبخرێت.

مەناف عەبدولمونعیم، بەڕێوەبەری گشتی هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، پلانی شانەی قەیرانەکان ئەنجامدانی شەش گەشتی ئاسمانی لەخۆدەگرێت؛ کە بریتین لە دوو گەشت لە قاهیرەی پایتەختی میسر و چوار گەشت لە دەلهی پایتەختی هیندستانەوە بەرەو سعودیە. دواتریش لە رێگەی وشکانی و لە دەروازەی سنووریی (عەرعەر)ـەوە دەگەڕێندرێنەوە بۆ ناو خاکی عێراق.

بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە سەرجەم تیمە فەنی و کارگێڕییەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە مرۆییە بەپێی بەرزترین پێوەرەکانی سەلامەتی.

لە کۆتاییشدا داوای لەو هاوڵاتییانە کردووە کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە، سەردانی ئۆفیسەکانی کۆمپانیاکە یان باڵیۆزخانەکانی عێراق لە قاهیرە و دەلهی بکەن بەمەبەستی ناوتۆمارکردن و تەواوکردنی رێکارەکانی گەشتکردن لە چوارچێوەی پرۆسەی گەڕاندنەوەکەدا.

ئاسمانی عێراق بۆ 72 کاتژمێری دیکە بە داخراوی دەمێنێتەوە

ئاسمانی عێراق بۆ 72 کاتژمێری دیکە بە داخراوی دەمێنێتەوە