سەرەخۆشى لێدەکات
سودانی بۆ پزیشکیان: هێرشکردنە سەر خاکى عێراق قبوڵکراو نییە
964+
وریا فەتاح
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، پرسە و سەرەخۆشی عێراقی بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی راگەیاند و هۆشداریشیدا لەوەی هێرشکردنە سەر خاکی عێراق جێگەی قبوڵ نییە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 11.3.2026 بڵاویکردەوە، سودانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران ئەنجامداوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لە پەیوەندییەکەدا سودانی بەناوی حکومەت و گەلی عێراقەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆی بۆ کوژرانی (شەهیدبوونی) عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران و ئەندامانی خێزانەکەی و گەلی ئێران دەربڕی، هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکانیش خواست.
سەرۆک وەزیرانی عێراق رەتکردنەوە و سەرکۆنەکردنی عێراقی بۆ ئەو “شەڕە زاڵمانەیە” راگەیاند کە دەکرێتە سەر ئێران، ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ هەوڵدان لەپێناو کۆتاییهێنان بە جەنگەکە و گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ و دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی هێز.
سەبارەت بە سەروەری خاکی عێراق، سودانی بە پزیشکیانی راگەیاندووە: “لەکاتێکدا حکومەتی عێراق سوورە لەسەر ئاسایش و سەروەری ئێران و رێگە نادات هیچ لایەن و کەسێک خاکی عێراق وەک پێگەیەک بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنێت، لە هەمان کاتدا ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر خاکی عێراق پێشێلکارییە بۆ سەر سەروەری و ئاسایشی عێراق و کارێکی قبوڵنەکراوە، چونکە ئەو هەوڵانە لەباردەبات کە عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دەیدات”.
لە بەرامبەردا، مەسعود پزیشکیان سوپاسی هەڵوێستەکانی عێراقی کردووە بۆ رەتکردنەوەی بەکارهێنانی هێز لە چارەسەرکردنی ململانێکان و هەوڵەکانی بەغدا بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە، هاوکات پەرۆشی ئێرانی بۆ پاراستنی سەروەری خاکی عێراق دووپاتکردەوە.