سهرۆكی ئهمریكا و سهرۆكی رووسیا
پێشنیاری جۆراوجۆر خراوهتهڕوو
رووسیا دهیەوێت شهڕی ئهمریكا و ئیسرائیل بهرامبهر ئێران رابگرێت
964+
ئهرسهلان عهبدوڵا
دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کرێملین رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا بژارەی جۆراوجۆری بۆ نێوەندگیری و هاوکاری سەبارەت بە شەڕ لەگەڵ ئێران پێشکەش کردووە، بەبێ ئەوەی وردەکارییەکانی ئەو بژارانە ئاشکرا بکات.
وتەبێژی کرێملین ئهمڕۆ سێشهممه 10.3.2026 جەختی لەوە کردەوە کە پێشنیارەکانی رووسیا بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر مێزی نێوان پوتین و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ماونەتەوە و پێویستی بە لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوولا هەیە.
پێسکۆڤ هەروەها رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو تۆمەتانە نادات کە گوایه مۆسکۆ لە کاتی شەڕدا زانیاری هەواڵگری بە ئێران داوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمێر پوتینی هاوتا رووسیەکەی باسی شەڕی ئێران و ئاسۆی ئاشتی لە ئۆکرانیایان کردووە، ئەمەش تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی پوتین هۆشداری داوە لەوەی قەیرانی وزەی جیهانی هەڕەشە لە ئابووری جیهان دەکات.
پێسکۆڤ وتی، رووسیا ئامادەیە بە باشترین شێوە بەشداری بکات لە چارەسەرکردنی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئاماژەی بەوەش کرد، هەر لە سەرەتای ئەم بابەتە و پێش دەستپێکردنی قۆناغی سەربازی، سەرۆک پوتین بژارەی جۆراوجۆری بۆ نێوەندگیری و خزمەتگوزارییەکانمان پێشکەش کرد کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.
جەختیشی لەوە کردەوە کە “زۆرێک لەو پێشنیازانە هێشتا لەسەر مێزن، وەک ئەوەی دوێنێ پوتین لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی پێکرد”.
لە هەمان کاتدا پێسکۆڤ جەختی لەوە کردەوە کە “هێشتا ناکرێت پوتین بە ناوبژیوان هەژمار بکرێت لە چارەسەرکردنی قەیرانەکەدا، ئەمەش پێویستی بە لێکتێگەیشتنێکی فراوان و رێککەوتنێکی هەمەلایەنە هەیە، بۆیە پێویستە سەبر بگرین”.