تیمێکی پزیشکی ئیتاڵین

12 نەشتەرگەری دڵ بۆ منداڵانی دهۆک بەخۆڕایی دەکرێت

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

تیمێکی پزیشکی ئیتاڵی ماوەی پێنج رۆژ لە دهۆک دەمێننەوە و 12 نەشتەرگەری دڵ بۆ منداڵانی دهۆک ئەنجامدەدەن.

ئەو تیمە پزیشکیە ئیتاڵیە لە 10 پزیشک و کارمەندی تەندروستی پێکدێت و لە نەخۆشخانەی سان دوناتۆ میلان هاتوونەتە کوردستان، ساڵانی پێشووتریش بەردەوام هاتوون و نەشتەرگەری دڵیان بۆ منداڵان ئەنجامداوە.

تیمەکە لە 10ـی ئەم مانگە گەیشتوونەتە دهۆک، ئامانجیش لە هاتنیان ئەنجامدانی 10 بۆ 12 نەشتەرگەری دڵە بۆ منداڵان لە دهۆک و بڕیارە تاوەکو 15ـی ئەم مانگە بمێننەوە.

964 دەزانێت، تیمەکە سێ دکتۆری نەشتەرگەری، دوو پزیشکی چاودێری چڕ، دوو پزیشکی ئیکۆ و سێ کارمەندی تەندروستیین، پلانیان ئەوەیە ساڵانە دووجار سەردانی سەنتەری دڵ لە شاری دهۆک بکەن.

تیمەکە لە رێگای رێکخراوی هیڤی هاتوونەتە دهۆک، بڕیارە لەگەڵ نەشتەرگەرییەکان ئەوا 100 منداڵی نەخۆش ببینن کە نەخۆشی دڵیان هەیە.

دکتۆر محەمەد مەحمود، بەڕێوەبەری رێکخراوی هیڤی بە 964ـی وت، ئەو تیمە نەشتەرگەری بۆ 10 بۆ 12 کەیس دەکەن کە نەخۆشی دڵیان لە زگماگییەوە هەیە.

زیاتر وتیشی “لە دهۆک و بادینان، تەنیا ئەو نەخۆشانەی لە رێکخراوەکەی ئێمە خۆیان تۆمار کردووە ژمارەیان 1000 نەخۆش دەبێت، ئەو تیمە 100 نەخۆش دەبینێت و نەشتەرگەریش بۆ 10 تاوەکو 12 نەخۆش ئەنجامدەدات”.

بە قسەی بەڕێوەبەری رێکخراوەکە بێت، سەرجەم نەشتەرگەییەکان بەخۆڕایی ئەنجامدەدرێن.

ئەو تیمەی نەخۆشخانە ئیتاڵیەکە پێشتریش بەردەوام سەردانی سەنتەری دڵیان لە دهۆک کردووە، لە ساڵی 2006 تاوەکو 2012، زیاتر لە 823 نەشتەرگەری دڵیان لە سەنتەری دڵ لە نەخۆشخانەی ئازادی دهۆک ئەنجامداوە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق