پێنج لە کچ یاریزانەکانی ئێران مافی پەنابەرییان لە ئوسترالیا وەرگرت
قسەی ترەمپ رەتکردنەوەی نییە
پێنج لە کچ یاریزانەکانی ئێران مافی پەنابەرییان لە ئوسترالیا وەرگرت
964+
شۆڕش قادری
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا داوای لە ئوسترالیا کرد، مافی پەنابەرێتی بدات بە کچە یاریزانەکانی تۆپی پێی ئێران، پێنجیان مافی پەنابەرییان وەرگرت و وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی ئوسترالیا چەند وێنەیەکی خۆی لەگەڵ ئەو کچانە بڵاوکردەوە.
کچە یاریزانەکانی هەڵبژاردەی ئێران لە دەستپێکی یەکەم یاریی خۆیاندا لە جامی ئاسیا، کە تەنیا دوو رۆژ دوای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەیان لە 2.3.2026 لە ئوسترالیا بەڕێوەچوو، رەتیان کردەوە سروودی نیشتمانی وڵاتەکەیان بڵێنەوە.
دوای ئەو رووداوە یاریزانەکان رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بوونەوە لەلایەن بەرپرسانی وڵاتەکەیان، بۆیە ناچاربوون لە دووەم و سێیەم یاریدا، نەک تەنیا بە دەنگی بەرز سروودی نیشتمانی بڵێنەوە، بەڵکو سڵاوی سەربازیش بنێرن.
شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، ئەو یاریزانانە رووبەڕووی مەترسی بوونەتەوە و نابێ بنێردرێنەوە وڵاتەکەیان.
ترەمپ داوای لە ئوسترالیا کرد مافی پەنابەریان پێبدات و وتی، “ئەگەر ئێوە ئەو کارە ناکەن ئەوا ئەمریکا دەیکات”.
ئەمڕۆ سێشەممە 10.3.2026 تۆنی برۆک وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی ئۆسترالیا چەند وێنەیەکی لەگەڵ پێنج لە کچە یاریزانەکانی هەڵبژاردەی ئێران بڵاوکردەوە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، مافی پەنابەرییان پێداون و لەلایەن پۆلیسەوە بۆ شوێنێکی پارێزراو گواستراونەتەوە.
ئەو پێنج کچە، عاتیفە رەمەزانی زادە، زەهرا سەربالی، مونا حەمودی، فاتیمە پەسەندیدە و زەهرا قەنبەریـن.
هەڵبژاردەی کچانی ئێران بۆ یەکەم جار گەیشتبوونە قۆناغی کۆتایی جامی وڵاتانی ئاسیا، دوای ئەوەی تووشی سێ شکستی یەک لەدوای یەک بوون لە خولەکە کرانە دەرەوە.