"دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە"
لە سۆران غازی حکومی نەماوە و بازرگانیش نرخەکەی تاوەکو 18 هەزار دینارە
964+
فەرهاد حەسەن
نەوت و کانزاکانی سۆران دەڵێت، بەهۆی روداوەکانی ئێستا ماوەیەکە غازی حکومی لە ئیدارەکەیان نەماوە و غازی بازرگانیش نرخەکەی تاوەکو 17 هەزار دینار، دڵنیاییش دەداتە هاوڵاتیان کە دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.
ئەمیر شانەدەری، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی ئیدارەی سۆران، لەبارەی کێشەی کەمی و نەبوونی غاز روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، بە هۆی کارنەکردنی کۆمپانیای دانەغاز و نەهاتنی غاز لە 28.2.2026 تاوەکو ئێستا، ئەو غازەی لە خەزانەکان هەبوو لە هەفتەی پێشوو دابەشکراوە، ئەو غازەشی ئەمڕۆ لە لایەن بریکارەکانەوە لە قەزای ناوەندی سۆران دابەشکراوە غازی بازرگانی بوو.
دەشڵێت “تا کاتی چارەسەرکردنی گەیشتنی غازی حکومی لە کارگەکان لەرێگەی لیژنەی سوتەمەنییەوە جاودێری بازاڕ دەکەن بۆ ئەوەی بتوانین کۆنترۆڵی نرخ بکەین و هاوڵاتیانیش بە ئاسانی غازیان دەستبکەوێت”.
ئاماژەی بەوە کردووە، نرخی غازی بازرگانی لە سەرووی یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزار دینارە بۆ هەر تۆنێک کە بە ئەستەم پەیدا دەبێت کە دەکاتە نزیکەی 17 بۆ 18 هەزار دینار بۆ هەر بتڵێک وە بەردەوامیش نرخ لە گۆڕاندایە.
هاوڵاتیانیش دڵنیا دەکاتەوە کە غازی ماڵان بە نرخی پاڵپشتکراوی حکومی لە ئایندەیەکی نزیک دەگەڕێتەوە دۆخی جارانی خۆی.