تاران بە "هورمز" پاداشتی "چاکەکان" دەداتەوە بەغدا
ئێران “گەرووە قەدەغەکراوەکە” بۆ رەوانەکردنی نەوتی عێراق دەکاتەوە
964+
فەرهاد حەسەن
بەرپرسێکی باڵای ئەمنی عێراق ئاشکرای دەکات، عێراق بەردەوامە لە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی گەرووی هورمزەوە و ئەو رەزامەندبوونەی ئێرانیش لەسەر ئاستی باڵای عێراقی کراوە.
سەعید ئەلجیاشی، بەرپرسێکی باڵا لە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، دەڵێت “بەردەوامی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە رێگەی گەرووی هورمزەوە لە رێگەی کەناڵە حکومییە رێکخراوەکان و “هەماهەنگی ئاستی باڵا” بە سەرۆکایەتی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی رێکخراوە، بەڵام دەڵێت “هەموو وردەکارییەکانی ئەم پەیوەندی و رێکخستنانە بۆ رای گشتی ئاشکرا ناکرێت”.
باس لەوەش دەکات، هەروەکو چۆن حکومەتی سودانی لە مانگی ئازاری 2023 دا رێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە ئاسایشی سنوورەکان بە سەرکەوتوویی ئەنجامداوە و جێبەجێی کردووە، ئەم رێکەوتنەی ئێستاش بە هەناردەکردنی نەوت ئەنجامی رێکەوتنەکەیە.
جیاشی، ئەم قسانەی سەرەوەی لە دەدارێکی رۆژنامەوانی کرد کە 964 بینیویەتی و دەڵێت “عێراق پەیوەندییەکانی لە رێگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانییەوە سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت بەڕێوەدەبات و بەردەوامیشە لە هەناردەکردن، کە تەواوی رێکخستن و هەناردەکردنەکان لە رێگەی گەرووی هورمزەوە ئەنجام دەدرێن”.
روونیکردووەتەوە کە حکومەتی سودانی تاکە دەوڵەتە کە لە رێگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانییەوە رێکەوتنێکی ئەمنی بۆ ئاسایشی سنوورەکانی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامداوە، کە ئەم رێکەوتنە لە مانگی ئازاری ساڵی 2023 واژۆ کرا و سەرکەوتوو بووە، شتگەلێکی بەدەستهێناوە کە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە نەدەکرا.