سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین: بڕیاری دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندکاران دراوە
964+
دکتۆر کامەران یونس سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین دەڵێت، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندکارانی داوە و ئێستا چاوەڕێی وەزارەتی دارایین.
بە قسەی ئەو، دەرماڵەی مانگی 9ی ساڵی رابردوو تاوەکو مانگی شوباتی ئەمساڵ دابەشدەکرێت بەپێی بڕیارەکە.
دکتۆر کامەران قسەی بۆ 964 کرد و وتی، داوا کراوە لە هەموو زانکۆ و پەیمانگاکان لیستی خوێندکاران ئامادە بکەن.
وتیشی، ئێستا تۆپەکە لە ساحەی وەزارەتی داراییە کە بڕیار لە خەرجکردنی دەرماڵەی قوتابیان بدات.
بە پاساوی خراپی دۆخی دارایی و وەستانی بودجەی هەرێم لە بەغدا و دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش، نزیکەی شەش ساڵ پێدانی دەرماڵە راگیرا، بەڵام لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ بە فشاری خوێندکاران جارێکی دیکە دەستیپێکردەوە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی خوێندنی باڵا، نزیكەی 130 هەزار خوێندكار لە وەرگرتنی ئەو پاڵپشتییە داراییە سوودمەند دەبن و مانگانە نزیکەی شەش ملیار دیناریان پێویستە.